هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ یەکشەممە 30ـی ئابی 2026، بە بەشداریی دەستەی ڕاوێژکاری یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق و هەرێمی کوردستان، وۆرکشۆپێکی گرنگ لەبارەی ڕابەرایەتیی ستراتیژی و چاکسازی لە پۆلیسدا دەستی پێکرد.
لە وۆرکشۆپەکەدا ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکەش کرد و باسی لە وردەکارییەکانی پلانی وەزارەتەکەی کرد.
رێبەر ئەحمەد ڕایگەیاند، پرۆسەی چاکسازیی پۆلیس ئاراستەیەکی زۆر گرنگە لە چوارچێوەی بەرنامەی چاکسازیی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی، ئامانج لێی بونیادنانی دامەزراوەیەکی پۆلیسی نوێ و پیشەییە تاوەکوو بتوانێت لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگە و ئاڵنگارییەکانی ئێستا و داهاتوودا هەنگاو بنێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری ناوخۆ تیشکی خستە سەر کرۆکی پرۆسەی چاکسازی و ڕوونی کردەوە، ئامانجی کۆتایی ئەم پرۆسەیە تەنیا گۆڕینی پەیکەری کارگێڕی یان ڕێکارەکان نییە، بەڵکوو مەبەست لێی گۆڕانکارییەکی ڕیشەییە لە کواڵیتیی خزمەتگوزارییەکان و پیشەییبوونی مامەڵەی ئەفسەران.
ڕێبەر ئەحمەد جەختی لەوە کردەوە، خێراکردنی جێبەجێکردنی یاسا و نزیکبوونەوە لە پێداویستییەکانی هاووڵاتییان بنەمای کارکردنی نوێی پۆلیس دەبن، هاوکات بەدەستهێنانی متمانەی گشتیی خەڵک بە هێزەکانی ناوخۆ بە کۆڵەکەی سەرەکیی سەرکەوتنی چاکسازییەکان دانا.
سەبارەت بە هەماهەنگییە نێودەوڵەتییەکان، وەزیری ناوخۆ سوپاسی دەستەی ڕاوێژکاری یەکێتیی ئەوروپای کرد بۆ ڕێکخستنی ئەم گفتوگۆیە. ئاماژەی بەوە دا، ئەزموونی وڵاتانی ئەوروپا دەرفەتێکی زێڕینە بۆ دەوڵەمەندکردنی دیدگای دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام مەرجی سەرەکیی سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە ئەوەیە لەگەڵ دۆخی هەرێمی کوردستاندا بگونجێندرێت.
هەروەها داوای لە سەرکردایەتیی پۆلیسی کوردستان کرد بە تەواوی خاوەندارێتیی ئەم پرۆسەیە بکەن و بەرپرسیارێتیی جێبەجێکردنی لەئەستۆ بگرن، چونکە بڕیاری سەرەکی و گۆڕانکاریی ڕاستەقینە دەبێت لە ناوخۆی دامەزراوەکانەوە هەڵقوڵێت.
ڕێبەر ئەحمەد باسی لەوە کرد، قۆناخی داهاتوو پێویستی بە پرۆگرامی پەروەردەیی نوێ هەیە لە کۆلێژەکانی پۆلیسدا، بە جۆرێک ئەم کۆلێژانە تەنیا شوێنی پێگەیاندنی ئەفسەر نەبن، بەڵکوو ببنە سەکۆیەک بۆ دروستکردنی سەرکردەی خاوەن بڕیار.
سەبارەت بە تەکنەلۆژیاش، ڕایگەیاند، بەکارهێنانی سیستەمی دیجیتاڵی تەنیا ئامرازێکی نوێ نییە، بەڵکوو شێوازێکی نوێی بەڕێوەبردنە بۆ ڕێگریکردن لە تاوان، شەفافیەتی لێکۆڵینەوەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکی پێشکەوتووتر بە هاووڵاتییان.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری ناوخۆ پەیامێکی ئاراستەی سەرکردەکانی پۆلیس کرد بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کارا بەشداری پرۆسەکە بکەن. بەتایبەتی داوای کرد دەرفەتی زیاتر بڕەخسێندرێت بۆ بەشداریکردنی ئافرەتان لە ڕیزەکانی پۆلیس و سەرکردایەتیکردندا.
وەزیری ناوخۆ دووپاتی کردەوە، کۆمەڵگە بە هەموو پێکهاتەکانییەوە کاتێک هەست بە ئارامی دەکات وا هەست بکات نوێنەرایەتییەکی تەواوی لە نێو هێزەکانی پۆلیسدا هەیە، بۆیە هاندانی ئافرەتان و متمانەپێدانیان بەشێکی دانەبڕاوە لە ستراتیژیی نوێی وەزارەتی ناوخۆ بۆ بونیادنانی پۆلیسێکی بەهێز و سەردەمیانە.