Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نێچیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە خاتوو لەیلا زانا و بنەماڵەی مەهدی زانا دەکات

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا ھاوخەمیی خۆی بۆ کۆچی دوایی مەھدی زانا، سیاسەتمەداری ناسراوی کورد دەربڕی و سەرەخۆشی لە خاتوو لەیلا زانا و بنەماڵەکەیان دەکات.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا لە ھەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" (X) سەرەخۆشی و ھاوخەمیی قووڵی خۆی بۆ کۆچی دوایی تێکۆشەر و سیاسەتمەداری ناسراوی کورد، خوالێخۆشبوو مەھدی زانا، ئاراستەی خاتوو لەیلا زانا و تەواوی ئەندامانی بنەماڵە و کەسوکار و دۆستانی کرد.

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، کە مەھدی زانا یەکێک بوو لە کەسایەتییە دیارەکانی کاروانی خەباتی سیاسیی کورد لە تورکیا. نێچیرڤان بارزانی تیشکی خستە سەر ئەوەی کە کۆچکردوو ساڵانێکی درێژی تەمەنی خۆی بۆ پاراستنی مافەکانی گەلی کورد تەرخان کردووە و لەم ڕێگەیەشدا قوربانییەکی زۆری داوە.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان خۆی بە ھاوبەشی خەمی بنەماڵە و دۆستانی کۆچکردوو زانی و داوای لە خودای گەورە کرد گیانی خوالێخۆشبوو بە بەزەیی و میھرەبانیی خۆی شاد بکات و سەبووری بە ھەموو لایەک ببەخشێت.