هەولێر-KDP.info- وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێ، کەمتر لە هەفتەیەک ماوە لیژنەی پەرلەمانی عێراق بڕیار لە پشکی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەنزین بدات و داوای کرد هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق مامەڵە بۆ نەوت و بەنزین لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێ. ئاماژەی بەوەش کرد، بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان ئاسایی بووەتەوە.
کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت، ئەمڕۆ شەممە 29ی ئاب لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان ئاسایی بووەتەوە و هەموو کێڵگەکان دەستیان کردووەتەوە بە بەرهەمهێنان، جگە لە کێڵگەی سەرسنگ، کە بەهۆی ئەو کارە تیرۆریستییەی دژی کرا، هێشتا تەواو ئاسایی نەبووەتەوە".
وەزیری سامانە سرووشتییەکان گوتی، "ئێستا رۆژانە 200 بۆ 220 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمی هەرێمی کوردستان هەیە، 50 هەزار بەرمیلی بۆ نێوخۆ تەرخان دەکرێ و ئەوی دیکەش لەگەڵ نەوتی کەرکووک لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە ڕەوانەی بەندەری جەیهان دەکرێت لە تورکیا".
کەمال محەممەد باسی لە کەمیی بەنزین و بەرزیی نرخەکەی لە هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "پێشتریش گوتوومانە 50 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بەشی بەنزینی ئێمە ناکات و هەموو کات داوای 115 هەزار بەرمیلمان کردووە. حکوومەتی فیدراڵی بڕیاری داوە تەنیا 50 هەزار بەرمیل بداتە هەرێمی کوردستان، بەڵام لە هەمان بڕیاردا ئاماژە بەوەش کراوە، ئەگەر 50 هەزار بەرمیل بەشی نەکرد، 15 هەزاری دیکە وەک بەرهەمە نەوتییەکان زیاد دەکەین".
وەزیری سامانە سرووشتییەکان ئاماژەی بە جیاوازیی نرخ کرد و گوتی، "خەڵک دەپرسێت بۆچی بەنزین لیتری بە 450 دینار بۆ هەرێمی کوردستان دابین ناکرێ؟ بەڕاستی هەموو هەوڵی ئێمە وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوە بووە هیچ جیاوازییەک لەنێوان هاووڵاتییەکی خواروو و نێوەڕاستی عێراق و هەرێمی کوردستاندا نەبێت، بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ هەر بەرمیلێک چوار دۆلار دەداتە پاڵاوگەکان، بەڵام لە هەرێمی کوردستان 16 دۆلارە. ئێمەش لەگەڵ ئەوەداین لیترێک بە 450 دینار بێت، بەڵام هەمان مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکرێ، کە چۆن بۆ پاڵاوگەکان بۆ بەرمیلێک نەوت چوار دۆلار دەدرێت، بۆ ئێمەش بەو نرخە بێت".
کەمال محەممەد لەسەر هەمان بابەت ئەوەشی گوت، "ئەگەر بۆ ئێمەش چوار دۆلار هەژمار بکەن بۆ پاڵاوگەکان، هێشتا 50 هەزار بەرمیل نەوت بەشی هەرێمی کوردستان ناکات، پێشتریش گوتوومانە 115 هەزار بەرمیلمان پێویستە و بە هەمان نرخ و بڕی پارێزگاکانی دیکەی عێراق بۆمان دابین بکرێت".
بەگوتەی وەزیری سامانە سرووشتییەکان، لە هەرێمی کوردستان 2 ملیۆن و 900 هەزار ئۆتۆمبێل تۆمارکراون، بەڵام لە 50 هەزار بەرمیل نەوتی خاو دەتوانرێ ملیۆنێک و 700 هەزار لیتر بەنزینی لێ بەرهەم بهێندرێت و بەشی ئەو ژمارەیەی ئۆتۆمبێلانە ناکات.
کەمال محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان داوایان کردووە حکوومەتی عێراق یان بەگوێرەی سەرژمێری (کە هەرێمی کوردستان 14%ی دانیشتووانی عێراقە) بەنزینیان بۆ دابین بکات، یان بەگوێرەی پشکی ئێستای هەرێمی کوردستان کە رێژەکەی بە 12.67% دیاری کراوە، بەو پێیەش پشکی ڕۆژانەی هەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت لە 126 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە.
لەبارەی هەنگاوەکان بۆ چارەسەرکردنی کەمی و بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، وەزیری سامانە سرووشتییەکان گوتی، "20ی مانگ بە نووسراو داوامان لە وەزارەتی نەوتی عێراق کرد بڕی پێدانی نەوتی خاو زیاد بکەن بۆمان. ئەوان دایانە ئەنجوومەنی وەزیرانی خۆیان، دواتر لیژنەیەکی پەرلەمانی پێکهات بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتە. لیژنەکە 26ی ئاب وەزارەتی نەوتیان بانگ کرد، 27ی مانگ وەزارەتی ئێمەیان بانگهێشت کرد و ئێمەش هەموو داتاکانمان ڕادەست کردن و هیوادارین ڕاسپاردەی لیژنەکە بۆ پەرلەمان بەرز بکرێتەوە بۆ ئەوەی بڕیارێکی دروست بدەن".
بەگوتەی کەمال محەممەد، لیژنەکە دوای هەفتەیەک راپۆرتی خۆی بۆ پەرلەمانی عێراق لەسەر ڕێژەی نەوت بۆ هەرێمی کوردستان بەرز دەکاتەوە و دواتر دەدرێتەوە وەزارەتی نەوت و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ بڕیاردان لەسەری.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری سامانە سرووشتییەکان باسی لە نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "نەوتی سپی یەکێکە لە پێویستییەکان بۆ هەرێمی کوردستان و وەرزی زستان لە هەرێمی کوردستان ساڵانە زووتر دەگات لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق، ساڵانە تاوەکو ئێستا تەنیا 50 ملیۆن لیتریان بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، بۆ ئەم ساڵ داوا دەکەین لە نەوت و پێداویستییەکانی دیکە هاوشێوەی عێراق پشکی هەرێمی کوردستان بنێردرێت".
کەمال محەممەد، کە هاوکات وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستانە، لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا ئاماژەی بە بڕیاری داشکاندنی 50%ـی قەرزی کارەبا کرد و گوتی، "داشکاندن بۆ قەرزی پێش ڕووناکییە. ڕووناکی لە هەر ناوچەیەک جێبەجێ کراوە سێ مانگ بە ڕێژەی جیاواز لە سەرەتادا داشکاندنی بۆ کراوە، بۆیە ئەم داشکاندنەی ئێستا هەیە تەنیا بۆ قەرزی پێش ڕووناکییە".
لەبارەی پارەی کارەبای پڕۆژەی ڕووناکی بۆ کەرتی کشتوکاڵ کە جووتیاران و باخەوانان دەڵێن، زۆر زۆرە، وەزیری کارەبا گوتی، "باشترین نرخ بۆ کارەبای کشتوکاڵ دانراوە کە هاوشێوەی عێراقە و 60 دینارە بۆ یەکەیەکی کارەبا، بەڵام هەیە چەندین ساڵە پارەی نەداوە و پێم وایە هۆکارەکە ئەوەیە پارەی زۆریان لەسەرە".