Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئامانجی سەرەکیی کۆنگرەکە نوێکردنەوەی پێکهاتەی سەندیکا و گونجاندنییەتی لەگەڵ ستانداردە جیهانییەکان

هەولێر-KDP.info- بە مەبەستی نوێکردنەوەی پێکهاتەی سەندیکا و دیاریکردنی ستافی نوێی سەرکردایەتی، بەیانیی ئەمڕۆ شەممە ٢٩ی ئابی ٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، دڵشاد شەهاب نوێنەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕێبەر ئەحمەد نوێنەری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک لە وەزیران، پارێزگاری هەولێر، ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتی، لایەنە سیاسییەکان و ئەندازیاران، دووەمین کۆنگرەی سەندیکای ئەندازیارانی کوردستان لە هەولێری پایتەخت بەڕێوە چوو.

ئامانجی سەرەکیی دووەمین کۆنگرە، نوێکردنەوەی پێکهاتەی سەندیکا و گونجاندنییەتی لەگەڵ ستانداردە جیهانییەکانی کارکردن و ڕێکخستنی پیشەی ئەندازیاریدا.

لە قۆناغی کۆتاییی کۆنگرەکەدا، ئامادەبووان هەڵدەستن بە هەڵبژاردنی نەقیبی سەندیکا، ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵا، سەرۆکبەشەکان و نوێنەرانی ئەندازیاران.

جێگەی ئاماژەیە، بەپێی سیستەمی نوێی سەندیکا، ئەندازیارانی بوارەکانی شارستانی، تەلارسازی، کارەبا، میکانیک، نەوت، کیمیا و کۆمپیوتەر نوێنەری تایبەتی خۆیان دەبێت، ئەمەش دەرگای زیاتر بۆ بەشداریی نەوەی نوێی ئەندازیاران و دابینکردنی نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانە لە ناوەندەکانی بڕیاردا دەڕەخسێنێت.