ئامێدی-KDP.info- بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ئامێدی ئاشکرای کرد، ڕەوشی ژینگە بەرامبەر بە ساڵانی ڕابردوو گۆڕانکاریی ئەرێنیی بەخۆیەوە بینیوە و دوو ئاژەڵی نوێش لە ناوچەکە پەیدا بوونە، هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە ئاڵۆزییەکانی سەر سنوور و دانەمەزراندنی پۆلیسی نوێ کاریگەرییان لەسەر پرۆسەی پاراستنی ژینگە هەبووە.
عەمیدی پۆلیس سەلیم زوبێر، بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ئامێدی، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''ڕەوشی ژینگە لە ئامێدی بەراورد ناکرێت بە ڕابردوو، چونکە بۆچوونی خەڵک بەرامبەر بە پاراستنی ژینگە و ئاژەڵە کێوییەکان گۆڕاوە، سنووری ئامێدی لەڕووی ژینگەوە زۆر دەوڵەمەندە و سروشتی ناوچەکە تابلۆیەکی ڕەنگینە لە چیا، دارستان و ئاژەڵی کێوی. ئێمەش وەک پۆلیسی دارستان بەردەوام چاودێریی ڕەوشی ژینگە دەکەین و ڕێگە نادەین کەس سەرپێچی بکات.
بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ئامێدی گوتیشی، ''ژمارەیەک گوندی ناوچەی ئامێدی بەهۆی کێشە سنوورییەکانەوە ئاوەدان نەکراونەتەوە، بەداخەوە ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی دەستمان بە هەموو شوێنێک نەگات بۆ پاراستنی ژینگەکەی، ئاڵۆزییەکانی سەر سنوور زیانی بەرچاویا هەبووە، چ لەڕووی سووتانی دارستانەکان بێت یانیش زیانگەیاندن بە ئاژەڵی کێوی.

عەمید سەلیم زوبێر ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ''پۆلیس و ئەفسەرانی ئێمە بە زیادەوە ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن، بەڵام دانەمەزراندنی پۆلیسی نوێ کاریگەریی هەبووە لەسەر کارەکانمان، بۆ نموونە لەکاتی ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەدا هەموو ستافەکە خەریکی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەن و ناتوانین بەئاسانی بکەرانی دەستنیشان بکەین، سەرباری کەمیی ژمارەی پۆلیسی ژینگەش، بەردەوام سەرپێچیکاران دەستگیر دەکرێن یان دەدرێنە دادگا.
پەیوەست بە هەبوونی ئاژەڵی نوێ، عەمید سەلیم زوبێر گوتی، ''لە سنووری ئامێدی زیاتر کەو لەگەڵ بزنە کێوی زۆرە، زستانی ڕابردووش بەهۆی دابارینی بەفرێکی زۆرەوە ژمارەیەکی بەرچاوی کەو لە چیاکانەوە دابەزینە ناو ئاوەدانی و خەڵکێکی زۆر هاوکار بوون تا زیانیان پێ نەگات، لەلایەکی دیکەشەوە دوو جۆر ئاژەڵی نوێ پەیدا بوونە، یەکێکیان چەقەڵە کە پێشتر لە سنووری چیاکان و ئامێدی نەبووە و لە دەشتەوە هاتوو دەردەکەوێت، جۆرێکی دیکەی ئاژەڵیش پەیدا بووە کە زۆر دەگمەنە و پێشتر لە ئامێدیدا نەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانین ڕۆڵی جوامێرانەی خەڵکی ئامێدی لەبەرچاو نەگرین کە لە زۆر شوێن ئاو و خۆراکیان بۆ ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان دابین کردووە.

قائید میرۆ