هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ شەممە، 29ـی ئابی 2026، مەحموود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر دواین پەرەسەندنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و رایگەیاند، پێویستە لە زووترین کاتدا پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە و هەنگاوەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکەن.
وتەبێژی پارتی ئاشکرای کرد، لە ئایندەیەکی نزیکدا هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە، ئاماژەی بەوەش کرد، "کۆبوونەوەی لووتکە لە نێوان سەرکردایەتی هەردوولا پاش کۆبوونەوەی وەفدی هەردوو حزب ئەنجام دەدرێت.
سەبارەت بە لێکنزیکبوونەوەی لایەنەکان، مەحموود محەمەد گوتی، "پێش ڕووداوەکان ناکەوین، کاتێک کۆبوونەوەکان ئەنجامدران دەتوانین بە ڕوونی قسە لەسەر ئەنجامەکان بکەین." جەختیشی کردەوە، مێزی گفتوگۆ تەنیا شوێنە بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو بابەتانەی کە ماونەتەوە.
هەروەها سوپاس و دەستخۆشی ئاراستەی ئەو لایەنە سیاسییانە کرد، ڕۆڵیان هەبووە لە هەوڵدان بۆ شکاندنی ئەو چەقبەستووییە سیاسییەی هەیە، گوتیشی، "لایەنەکان بەشێکن لەم پرۆسەیە و ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەییان لەسەر شانە."
لەبارەی دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن و ماوەی یاسایی پەرلەمان، گوتەبێژی پارتی ڕایگەیاند، "ئەگەر گەیشتینە ئەو بڕوایەی ڕێگەیەک هەیە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێ، ئەو کاتە پێویست ناکات پێشوەختە بڕیار بدەین کە سێ ساڵ یان چوار ساڵ بۆ هەڵبژاردن دیاری بکرێت، بەڵکو ئەو بابەتە لە کاتی خۆیدا بڕیاری لێ دەدرێت."