هەولێر -KDP.info- وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەداتە ئەفسەر و پێشمەرگەکان لەبارەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی سەربازی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و داوایان لێ دەکات بەوپەڕی وشیاری و بەرپرسیاریەتییەوە مامەڵە لەگەڵ زانیارییە سەربازییەکاندا بکەن.
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە:
لەم ڕۆژانەدا، بەشێک لە پەیج، ئەکاونت و کەسایەتیەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا، داوا لە ئەفسەران و پێشمەرگە دەکەن کە وێنە و ڤیدیۆی بەشداریکردنیان لە شەڕەکاندا و بە جلوبەرگی سەربازییەوە بۆ بنێرن.
بۆیە داوا دەکەین بۆ پاراستنی زانیارییە کەسی و گشتیەکان، ئەفسەر و پێشمەرگەکانی کوردستان لەم بابەتەدا زۆر وشیار بن و بە هیچ شێوەیەک وێنە و ڤیدیۆی تایبەت بە چالاکیە سەربازییەکانیان بۆ هیچ کەس و لایەنێک نەنێرن، بەتایبەت لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا.
بەوپەڕی بەرپرسیاریەتی و وشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەدا بکەن و خۆتان و یەکە سەربازییەکانتان بپارێزن.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە