Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

تایبەت بە KDP.info: بەهۆی بایەخپێدانی حکوومەتەوە بەرهەمی ساڵانەی زەیتی زەیتوون گەیشتە ٨٠٠٠ تۆن

هەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی باخداری و دارستان و پاوان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئاشکرای کرد، ئێستا لە کوردستان ٥٢ هەزار دۆنم زەوی بە نزیکەی ٤ ملیۆن دار زەیتوون داچێندراوە و بڕی بەرهەمی ساڵانەی زەیتی زەیتوونی ناوخۆییش گەیشتووەتە تا ٨٠٠٠ تۆن، هاوکات جەختی لە بەردەوامیی هەوڵەکان کردەوە بۆ بەبڕاندکردنی زەیتوونی کوردستان.

هەڵکەوت عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی باخداری و دارستان و پاوان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ''لە ئەنجامی یەک ساڵی جێبەجێکردنی پڕۆژەی KORES، ئێستا ٥٢ هەزار دۆنم زەوی لە کوردستان بە نزیکەی ٤ ملیۆن دار زەیتوون داچێندراوە. بە دیاریکراویش ٣ ملیۆن و ٩٦٣ هەزار و ٧٤٥ دار بەرهەمیان هەبووە و ئێستاش بڕی بەرهەمی ساڵانەی زەیتی زەیتوونی ناوخۆیی بە ٧٥٠٠ بۆ ٨٠٠٠ تۆن دەخەملێنرێت.

بەگوێرەی وتەی بەڕێوەبەری گشتیی باخداری، ''ئامانجی سەرەکیی پڕۆژەکە برەودانە بە گوندەکان و بەبڕاندکردنی زەیتوونی کوردستانە، بۆ ئەوەی ببرێتە کێبڕکێ لەگەڵ بەرهەمە بیانییەکان، ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، ''دار زەیتوون وەک دارێکی هەمیشەسەوز، ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، پاراستنی خاک لە داماڵین، گلدانەوەی کاربۆن و پاراستنی ئاسایشی خۆراک، بۆیە لە کابینەی نۆیەمدا بایەخێکی بەرچاو دراوە بە کەرتی باخداریی زەیتوون.

هەڵکەوت عەبدولڕەحمان لە درێژەی لێدوانەکەیدا، تیشکی خستە سەر دەستکەوتە پیشەسازییەکانی پڕۆژەکە و گوتی، ''جگە لە گەشەسەندنی کێڵگە خێزانییەکان لە ناوچە گوندنشینەکاندا، چەندین کارگەی پیشەسازیی مۆدێرن بەگەڕ خستراون کە هەنگاوی گەورەیان لە بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتوونی کواڵیتی بەرزدا ناوە، لەوانە: کارگەی ڕاسان لە هەڵەبجە، کارگەی گوشینی زەیتوون لە ڕانیە، ئەربیل فیت لە هەولێر و کارگەی کەنار لە دهۆک.

 

ئەژین غەفار