گەرمیان-KDP.info- لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ پاراستنی سامانی سروشتی و ڕێگریکردن لە دەستدرێژیکردنە سەر ژینگە، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان ئەرکەکانیان بەرفراوانتر کردووە. لەسەر بنەمای هەماهەنگیی توندی نێوان ئۆرگانە ئەمنییەکان، دادگا و بەتایبەتیش هاوکاریی هاووڵاتییان، ناوچەکە هەنگاوی دیار دەنێت بەرەو پاراستنی سەرجەم پێکهاتە سروشتییەکان.
عەمیدی پۆلیس فایەق عەزیز، بەڕێوەبەری پۆلیسی ژینگەی گەرمیان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ''هێزەکانی پۆلیسی پاراستنی ژینگە ڕۆژانە بە ئەرکی خۆیان هەڵدەستن، سوپاس بۆ هاووڵاتیانیش کە بەردەوام زانیاریمان پێ دەدەن لەسەر ئەو کەسانەی زیان بە ژینگە دەگەیەنن.

گوتیشی، ''لە ڕاستیدا سنووری ئەرکی ئێمە زۆر بەربڵاوە، لە قەرەهەنجیر و چەمچەماڵەوە تا خانەقین و سەنگاو دەگرێتەوە. هاووڵاتیان هاوکارێکی باشمانن و ئەگەر ئەوان نەبن ناتوانین بە تەنیا کۆنتڕۆڵی پاراستنی ژینگە بکەین. هەروەها پۆلیس، ئاسایش و دادگا هەماهەنگیی تەواومان لەگەڵدا دەکەن بۆ ئەوەی ئەرکەکانمان بە باشی جێبەجێ بکەین، هەر کەسێک ئاژەڵ و باڵندەی کێوی ڕاو بکات یان دار ببڕێتەوە، زانیارییان لێ وەردەگرین و هێزەکانمان دەگەنە شوێنی مەبەست و دەستگیریان دەکەن.
بەڕێوەبەری پۆلیسی ژینگەی گەرمیان ئاماژەی بەوەش دا، ''یاساکان بەرامبەر ئەو کەسانەی دەستدرێژی دەکەنە سەر ژینگە زۆر توندن و سزای توند دەدرێن، جگە لەوەش تەواوی کەلوپەلەکانیان لە ئۆتۆمبێل و چەک دەستی بەسەردا دەگیرێت و هیچ چاوبۆپۆشینیان لێ ناکرێت.

بەڕێوەبەری پۆلیسی ژینگەی گەرمیان دەشڵێت، "بەهۆی ڕێکارە یاساییەکان و زیادبوونی وشیاریی ژینگەیی، سروشتی ناوچەکە شایەتی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە و بەهۆی ئەو کارانەی لە کەرتی ژینگەدا کراون، ناوچەکە چووەتە قۆناغێکی نوێوە و ئێستا لە سنووری گەرمیان، ڕووبەری دارستانەکان ڕووی لە زیادبوون کردووە، ژینگە پاکتر ڕاگیراوە و ڕێژەی ئاژەڵ و باڵندە کێوییە جۆرەبەجۆرەکان زیادی کردووە. ئەم ئەنجامانەش وایان کردووە مرۆڤ و سروشت و باڵندەکان پێکەوە بنەمای تێکەڵبوون و ئاشتوبوونەوەیەکی سەردەمیانە دابڕێژنەوە.

عەمید فایەق عەزیز جەختیشی کردەوە، ''زۆر گرنگە لە ڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە هاووڵاتیان وشیار بکرێنەوە تا ژینگە بپارێزن و دەست لە ڕاوکردنی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی و بڕینەوەی دار هەڵبگرن، چونکە ژینگە موڵکی هەمووانە و پێویستە لەسەرمان بیپارێزین.
عەزیز ڕەسووڵ