Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرەتای مانگی داهاتوو دەوامی زانکۆکان و دوای ناوەڕاستیش زەنگی قوتابخانەکان لێ دەدرێت

هەولێر -KDP.info- بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دواین تاقیکردنەوەی خولی دووەمی پۆلی ١٢ی ئامادەیی ئەنجام درا و هەفتەی داهاتوو ئەنجامەکان ڕادەگەیەنرێن، هاوکات ئاشکراشی کرد کە چاوەڕوان دەکرێت دوای ناوەڕاستی مانگی داهاتوو ساڵی نوێی خوێندن دەست پێ بکات.

دکتۆر سەیوانی عەلی فەرەج، بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ''ئەمڕۆ دواین تاقیکردنەوەی خولی دووەمی پۆلی ١٢ی ئامادەیی بە بابەتە گشتییەکان ئەنجام درا و ڕۆژی یەکشەممە تاقیکردنەوەی زمانی سریانی و تورکمانی دەمێنێت، دواتر لە هەمان هەفتەدا ئەنجامەکان ئاشکرا دەکەین بۆ ئەوەی قوتابیان و دایک و باوکان لە دڵەڕاوکێدا نەهێڵینەوە. هەمانیش هه‌وڵ دەدەین لە سەرەتای مانگی داهاتوودا نمرەکان بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕەوانە بکەین، چونکە پرۆسەی دەوام لە وەزارەتی خوێندنی باڵا لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە دەست پێ دەکات.

دکتۆر سەیوانی عەلی فەرەج گوتیشی، ''بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن ئامادەکاریی تەواو کراوە لە دابینکردنی پەرتووک، نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان، دروستکردنی قوتابخانەی نوێ، دابینکردن و چاککردنەوەی ڕەحلە و ڕاهێنانی مامۆستایان، بەوەش هیچ گرفتێک لەبەرپێی پرۆسەکەدا نییە. بۆیە چاوەڕوان دەکرێت دوای ناوەڕاستی مانگی داهاتوو زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی ٢٠٢٦-٢٠٢٧ لێ بدرێت، وەک چۆن ساڵی ڕابردووش لە ٩/٢٠ زەنگەکە لێ درا.

 

بڵند ئیبراهیم