Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بۆ ئەوانەی ئەرکیان لە کاری سیاسیدا قورسە

فازڵ میرانی

دوور لە باقوبریقی ڕاگەیاندنی ئاڕاستەکراو، دوور لە دەربڕینی کڵێشەگەلێک، کە خاوەنەکەیان تەنیا وتار دەفڕۆشن بێ ئەوەی توانای جێبەجێکردنیان ھەبێ چ لەبەر دەستەوسانی بێت، یان فێڵ و تەڵەکەبازی بە جیاکردنەوەی ڕاستییەکان لە کردار و ڕەفتاری ئەو کەسانەی ھاتوونەتە ناو سیاسەتەوە بێ ئەوەی ھیچ ئامانجێکی بەسوودی گشتییان ھەبێت؛ دەبێت بزانین باشیی کارەکان بەپێی دەستکەوتی سەر عەرز ھەڵدەسەنگێندرێت: ئایا ھاتووەتە دی؟ جۆرەکەی چۆنە؟ بۆ کێ کراوە؟ بە چەند و لە ماوەی چەنددا؟

لە سەرەتادا وا باشە وەبیر خۆمان و کەسانی پێوەندار بھێنینەوە، کە سیاسەت و کارکردن تێیدا، چ لە ناو دەسەڵاتدا بێت یان لە دەرەوەی، تاقیکردنەوەیەکە دەبێت لە گرنگییەکەی تێبگەین، نابێت کەس ئەنجامی بدات مەگەر کەسێکی شارەزا و توانا بێت. ھەروەھا نابێت بابەتەکان تێکەڵ بکرێن، بەرگری لە ھەڵە و گوناە بکرێت، یان پاساویان بۆ بھێنرێتەوە بەوەی کە لەوانی ترەوە دەردەچێت، جا چ ڕامیاری بێت، یان کارگێڕی لە بەڕێوەبردنی کاروباری فەرمانڕەوایەتیدا.

سیاسەت و کاری گشتی، ئەگەرچی قۆرغ نەکراون بۆ ھیچ تاکێک یان کۆمەڵەیەک، بەڵام ئەمە بە ھیچ جۆرێک بۆ سەرکەوتن بێ مەرج نییە، چ بابەتی بێت یان خۆیی. چونکە سەرکەوتن لە سیاسەتدا پێویستی بە ئاشنابوونی ئەو سەرکەوتنەیە کە لە چیدا ڕوویداوە و چی بەدەست دەھێنێت. ئەمە سەرکەوتنێکە جیاواز لە زۆربەی ئەوەی ئەمڕۆ باوە لە ھەڵپەکردن بۆ بەرژەوەندیی تەسک —ئەوانەی بە دەستی کەسانێک دەجوڵێنەوە کە لە پشت ناوە جۆربەجۆرەکان خۆیان شاردووەتەوە و کۆمەڵگەیان ڕووبەڕووی ئەو ھەموو ئازار و تاڵانییە کردووەتەوە، کە زۆربەی بەھا جێگیرەکانی ناو دەوڵەتی تێکشکاندووە.

تەنانەت لە ناوەندە گەورەکانی کاری سیاسیی جیھانیشدا، ڕاستی و دروستیی بڕیارەکان کێش و بەھایان دەستنیشان دەکات، تەنانەت ئەگەر تێگەیشتن لەو دروستییە دواش کەوتبێت. ئەرکی ئێمە ھەرگیز ئاسان نەبووە؛ چونکە دۆزەکەمان لە بنەڕەتدا نە سووک بووە و نە سادە. دۆزێکە لە بەردەم ئەو عەقڵییەتانەی لە ناوچەکەماندا دەستاودەستی دەسەڵاتیان کردووە، ڕووبەڕووی قۆناغی زۆر سەخت و ئاڵۆز بووەتەوە. ھۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەگۆڕیی بیرکردنەوە و ڕەفتاری فەرمانڕەواکان، کە ساڵنامەیەکی ڕەشیان لە تاوان لە دژمان تۆمار کردووە کە بە درێژایی ساڵ درێژدەبێتەوە. ئەرکی ئێمە خۆی لەوەدا دەبینییەوە: پاراستنی نەتەوە، کاریگەریدانان لەسەر بڕیاری فەرمانڕەواکان، دوورخستنەوەی سەرجەم دەرئەنجامەکانی ئەو تاوانانەی لە دژمان کراون. کارکردن لەم بوارەدا سەخت و ئاڵۆزە، بەڵام ئێمە تا ڕادەیەکی زۆر سەرکەوتوو بووین لە گۆڕینی ڕابردوو و ئێستایەکدا کە مەحاڵ بوو بگۆڕێن، ئەگەر یارمەتیی خودا بۆ ھەنگاوەکانمان نەبووایە.

ئەگەر بوونی ئەو نەوەیە نەبووایە کە ڕووگەی ئاڕاستەی دروستیان بۆ عێراق پاراست، ئەوا وێرانییەکەی ئەمڕۆ سەرەڕای بەرفراوانییەکەی زۆر لەمەی ئێستا بەرفراوانتر، قووڵتر و ئاڵۆزتر دەبوو. دەستکەوتی حزبی، نەتەوەیی و نیشتمانیی ئێمە لە بوارە جیاوازەکانی ژیانی گشتیدا، دەستکەوتێکە بە تەواوی جیاواز لەو دەستکەوتە خراپانەی ڕابردوو و ئێستا، یان ئەوانەی لە ئایندەدا بنەمای بۆ دادەمەزرێنن. دەستکەوتەکەی ئێمە باجەکەی زۆر گران بووە، بەڵام دەستکەوتی ئەوانی تر خراپە و باجە گرانەکەی گەلانی ئێمە دەیدەن؛ بەمەش گەلەکەمان زیان دەکات و ئەوانی تر قازانجێک دەکەن کە زۆر ناخایەنێت. بەڵام دەستکەوتی ئێمە، ھەموومان باجەکەمان داوە و لەسەر عەرزی واقیعیش شتێک ھاتووەتە دی کە کەس ناتوانێت ئینکاری لێ بکات، مەگەر کەسێک لە ڕقی خۆی بەپێچەوانەی ئێمە بیر بکاتەوە.

دەستکەوتەکەی ئێمە تەنیا کەسانێک لێی تێدەگەن کە ھەستی کاری دروستیان ھەیە، ئەوانەی مانا و بەھای نیشتمانپەروەری لە دەرەوەی قوتابخانە شێوێندراوەکانی نیشتمانپەروەریدا دەناسن، ئەو قوتابخانانەی کە مامەڵە بە ڕەگەزپەرستی، تاکڕەوی و خۆپەرستییەوە دەکەن.پێویستی بە بوونی ئێمە ڕاستەقینە و واقیعی بوو، ئێمەش بە دڵسۆزی، تێگەیشتن و بە تواناوە وەڵامی ئەو پێویستییەمان دایەوە؛ ئەوە ئەرکی ئێمە بوو، ڕەنگە لە ڕەخنە و کەموکووڕی بەدەر نەبووبێت، بەڵام بنەمایەکی گەورە بوو کە دەبوو دابنرێت تاوەکو کارێکی بەرھەمدار و بەسوودی لەسەر بنیات بنرێت.

بەڵام ئەوانەی لە ڕابردوو و لە نموونە خراپەکانەوە ئیلھام وەردەگرن، خۆیان و ئەوانەشی کە دەبێت لە بەرامبەر پڕۆژەکانیاندا بوەستنەوە لەگەڵ بوونی جیاوازی لە ڕوانگە و ئاڕاستەدا—دەکەونە بەرامبەر ئەرکێکی قورس. لە ڕووی ئەزموونەوە دەڵێین: وەستانەوە لە بەرامبەر تێکدان و وێرانکاریدا کارێکی ئاسان نییە؛ چونکە ئەوەی وێرانی دەخولقێنێت عەقڵییەتێکی ھەڵگرتووە کە تەنیا ھاوکێشەی ھەڵە بەرھەم دەھێنێت. کاتێک خۆر لە کوردستان ھەڵدێت، تیشکەکانی بەسەر گۆڕستانی شەھیدان و ماڵی ئەوانەدا دابەش دەبێت کە کەوتبوونە بەر شاڵاوەکانی کوشتن. تیشکەکانی دەگەنە قوتابخانە، شەقام، گوند، چیا، ئاوەدانی و ئەو خەڵکەی کاردەکەن بۆ وەرگرتنەوەی مافی خۆیان لە ژیانێکدا کە دەسەڵاتێک زیانی پێگەیاندوون کە تاوانەکانی لە دژی ئەوان و دژی کەسانی تر بەردەوام دووبارە دەبوونەوە. بە ھەمان شێوە، خۆر دەدات لە ڕووبەرێک و تێیدا ئاوا دەبێت کە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازییەکەی تا ئەوپەڕی توانای دەستکەوتی بۆ فەراھەم کردووە و کار بۆ دەستکەوتی زیاتر، بەردەوامتر و گشتگیرتر دەکات.

بەڵام ئەوانەی دەیانەوێت بیرۆکەی سەرکردایەتییەک درێژە پێبدەن کە مەرجەکانی تێدا نییە و بە عەقڵییەتی تاکڕەوی و پشکپشکێنە کار دەکەن؛ ئەوانە کاتێک کار بە جدیی دەگات، یان ھەڵدێن یان خۆیان دەشارنەوە. ھیچ ڕوونکردنەوەیەکی قەناعەتپێکەریان پێنییە بۆ گۆڕانی بارودۆخیان لە ڕێگەی بردنی ئەوەی مافی خۆیان نییە، ھەست بە بەرپرسیارێتی ئەخلاقی ناکەن بەرامبەر ئەو وێرانییەی دروستیان کردووە. کەسانی لەم شێوەیە ئەرکیان قورسە؛ چونکە ڕاستیی خۆیان دەزانن و بە ماکیاژێک دەیشارنەوە کە ھیچ شتێکیان لێ جوان ناکات، زۆرینەی گەلەکەشمانیان لێ ڕازی نین. ھاوکێشە ئاژاوەگێڕەکانی ئەوان وەکو ئەو مارانە وان کە کاتێک ویستیان لە کەسی ویستراو بە ژەھرەکەیان دەدەن. ئەمەش لە بنەڕەتدا بەو مانایەیە کە ئەرکی ئەوانەی لە بەرامبەریاندا دەوەستنەوە، زۆر سەخت و قورس دەبێت.

ئەو سەختییانەی کە دەترساین لەسەر دەستی کەسانێک ڕووبدەن کە تەنیا خەمی خۆیان دەخۆن، ئێستا نزیکتر بونەتەوە لە ڕوودان. سەلامەتیی ئێستا و ئایندەش بەپێی ئەم کارکردنەی ئەوان دوورتر بووەتەوە لەوەی بەدەست بێت. بیابانەکانی سیاسەت بەبێ ڕێنیشاندەرێک بۆ تێپەڕاندنیان، بە مانای ھەڵبژاردنی لەناوچوون دێت.