Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پاڵپشتییەکانی کابینەی نۆیەم بەرهەمی کشتوکاڵیی شێخانی ڕەوانەی بازاڕەکانی عێراق و ناوچەکە کردووە

شێخان-KDP.info- ئاسانکاری و پشتگیرییەکانی حکوومەت، کەرتی کشتوکاڵی لە قەزای شێخان بە شێوەیەکی بەرچاو بووژاندووەتەوە. لەم بارەیەوە، بەڕێوەبەری قەزای شێخان دەڵێت، پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی تایبەت بە چاندن و کشتوکاڵ لەلایەن کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێم ھاندەری جووتیاران بووە تا ڕووبەڕی داچاندنی پەتاتەیان کە ساڵانی پێشوو ٢ ھەزار دۆنم زەوی بووە، بۆ ٢٠ ھەزار دۆنم زەوی زیاد بکەن، بەمەش بەرھەمی پەتاتەی قەزاکە گەیشتووەتە ٢٠٠ ھەزار تەن و ھەناردەی دەرەوەش دەکرێت.

نەجمەددین عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی قەزای شێخان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "بەرھەمە کشتوکاڵییەکانی قەزای شێخان بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو پەرەسەندنی بەخۆیەوە دیوە کە ڕەوانەی عێڕاق و وڵاتانی ناوچەکە دەکرێت، لەوانە بەرھەمەکانی پیواز، تەماتە، گەنمەشامی و برنج. پەتاتەش کە بە کواڵیتیێکی بەرز بەرھەم دەھێنرێت ساڵانە ٢٠٠ ھەزار تۆنمان لەم بەرھەمە ھەیە".

نابراو تیشکی خستەسەر ڕۆڵی گرینگیدانەکانی حکوومەتی ھەرێم لە گەشەسەندنی کشتوکاڵی شێخان و گوتی، "پشتگیریی حکوومەت لە دابینکردنی ئامێرە پێشکەوتووەکانی کشتوکاڵ، دابینکردنی سەرچاوەکانی ئاو و کارەبای پاڵپشتیکراو، دابینکردنی تۆوی تایبەت و کۆنتڕۆڵکردنی کوالێتی و پاکیی بەرھەمە کشتوکاڵییەکان، کردنەوەی خولە جۆراوجۆرەکان بۆ جووتیاران و پسپۆڕانی کشتوکاڵ، ھەموو ئەمانە وای کردووە زەوییەکانی کشتوکاڵ ببوژێنەوە و جووتیاران  زیاتر ڕوو لە کاری داچاندن. بەمەش جگە لە پەتاتە، بەرھەمی جۆراوجۆری کشتوکاڵی تریش بە ڕووبەری فراوان داچێندراون، وەک پیواز لەسەر ڕووبەری نزیکەی ٤ ھەزار دۆنم، تەماتە لەسەر ڕووبەڕی زیاتر لە ٢ ھەزار دۆنم، گەنمەشامی لەسەر ڕووبەری زیاتر لە ٣٥٠٠ دۆنم زەوی دەچێندرێن."

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی شێخان گووتی، "ساڵ بۆ ساڵ بەرھەمی کشتوکاڵی جووتیاران زیاتر دەبێت لە قەزای شێخان، چونکە جگە لە خزمەتگوزارییەکانی ناوخۆ، حکوومەتی ھەرێم بازاڕی فراوانی لە دەرەوەی کوردستانیش بۆ بەرھەمە کشتوکاڵییەکانی جووتیاران پەیدا کردووە."

 

ئەژین غەفار