Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە یەکخستنی هێزەکانی هەسەدە و سوپای سووریا دەکات

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، "پێشوازی لەو پێشکەوتنە گەورەیە دەکەم کە لە پرۆسەی تێکەڵکردنی ھێزەکانی سووریای دیموکرات (ھەسەدە) لەگەڵ ھێزە حکومییەکانی سووریادا بەدەستھاتووە."

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٦ـی ئابی ٢٠٢٦، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە پەیامێکیدا، کە لە ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، ئەو ھەنگاوەی بە "پەرەسەندنێکی گرنگ" بۆ بەھێزکردنی ئاسایش و سەقامگیریی سووریا ناوبرد و گوتی، "داوا لە ھەموو لایەنە کوردییەکان و پێکھاتەکانی سووریا دەکەم، پشتگیری لەم ھەنگاوانە بکەن و بەشداری لە سەرخستنیدا بکەن."

نێچیرڤان بارزانی، ڕایگەیاند، "ستایشی تێڕوانینی ژیرانەی بەڕێز سەرۆک ئەحمەد شەرع و رێبازە بەرپرسیارانەکەی دەکەم لە چارەسەرکردنی کێشەکان بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن و سەرکردایەتیکردنی سووریا بەرەو داھاتوویەکی باشتر. ھەروەھا رۆڵ و ھەوڵەکانی بەڕێز مەزڵووم عەبدی لە سەرخستنی ئەم پرۆسەیەدا بەرز دەنرخێنم."

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، "چاوەڕوانی تەواوکردنی ئەم پرۆسەیەین بەشێوەیەک کە ببێتە سەرەتای قۆناخێکی نوێ لە سووریا، کە تێیدا مافی ھەموو ھاووڵاتییان و پێکھاتەکانی پارێزراو بێت و وڵات بەرەو ئاشتی، ئاسایش، سەقامگیری، بووژانەوە و گەشەسەندنی زیاتر ھەنگاو بنێت."