ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٦ی ئابی ٢٠٢٦، فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، بە ئامادەبوونی جێگرانی سەرۆکی ئەرکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان و ئیدارە و میرە، پێشوازی لە جەنەڕاڵ گەنتەر شنایدەر، بەڕێوەبەری گشتی ھێزە چەکدارەکان لە وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا و کۆڵۆنێڵ ئۆستن پیچا، فەرماندەی ھێزەکانی ئەڵمانیا لە ھەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەریان کرد.
لە دیدارێکدا، کە بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و ھۆشیاری نیشتمانی و بەڕێوەبەری ھەماھەنگی و پەیوەندییەکان ئامادەبوون، بەڕێوەبەری گشتی ھێزە چەکدارەکان لە وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا سوپاسی سەرۆکی ئەرکان و تیمی وەزارەتی پێشمەرگەی کرد بۆ ڕۆڵیان لە کارئاسانی و ھاوکاریکردنی تیمەکانی ئەڵمانیا لە ماوەی کارکردنیان لە گەڵ ھێزی پێشمەرگەدا، جەنەڕاڵ شنایدەر دووپاتی کردەوە کە بۆ ئەرک و کاری نوێی ئایندەیان لەگەڵ ھێزەکانی پێشمەرگە پلانی تۆکمە و نوێیان دەبێت، ھیوای خواست لە ئەرکی داھاتوو و ئایندەییاندا، بە ھەمان ڕۆحیەت و ئامانجەوە بەردەوام بن لە ھاوکاری و ھەماھەنگی بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەدا. ھەروەھا ئاماژەی بەوەدا کە لە ھەماھەنگی بەردەوامدا لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵیی عێراق گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنی ھاوبەش، بە ئامانجی ڕێکخستنەوەی چوارچێوەی کاری ئایندەی ھێزەکانی ئەڵمانیا بە ھاوتەریبی لەگەڵ تەواوی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە ناوچەکەدا.
لە بەرامبەردا، سەرۆکی ئەرکان ئاماژەی بەوەدا، کە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ھەمیشە بە ئەمەک و سوپاسگوزارییەوە دەڕوانێتە ھاوکاری و پشتیوانیە بەردەوامەکانی وڵاتانی ھاوپەیمانان، ھەروەھا پێزانینی قوڵی خۆی بۆ تیمی ڕاوێژکارانی سوپای ئەڵمانیا دەربڕی کە لە ساڵانی ڕابردوودا ڕۆڵێکی دیار و کاریگەریان لە بەھێزکردنی توانای سەربازیی ھێزی پێشمەرگەدا گێڕاوە، ھەروەھا جەختی لەسەر ئارەزوو و ئامادەیی بەردەوامی وەزارەتی پێشمەرگە کردەوە بۆ ئاستێکی باڵاتر لە پەرەپێدان و بەھێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵیەکان لەگەڵ ھێزەکانی ھاوپەیمانان بە گشتی و تیمی ڕاوێژکارانی ئەڵمانیا بە تایبەتی.
لە کۆتاییدا، سەرۆکی ئەرکان دووپاتی لە بەردەوامی ھاوکارییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای ئەڵمانیا کردەوە و ڕایگەیاند: ئەم ھەماھەنگیە ڕەنگدانەوەی ئەرێنی ھەبووە لەسەر بەھێزکردنی ئۆپەراسیۆنەکان، مەشق و ڕاھێنان و سێکتەری میدیا و ھۆشیاری پێشمەرگە، جەختیشی کردەوە کە ھاوکارییەکان دەبنە پاڵپشتیەکی سەرەکی بۆ بەرزکردنەوەی توانای مرۆیی و لوجستی و خێراکردنی ھەنگاوەکانی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە.
