Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەرلەمانی سویسرا گرنگی بە پرسی کورد، پێکهاتەکان و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دەدات

سویسرا-KDP.info- ڕۆژی ٢٥ی ئابی ٢٠٢٦، لە ئەنجومەنی نیشتمانیی سویسرا، پێشوازی لە بەڕێز هوشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و شاندی یاوەری کرا، کە بە سەردانێکی تایبەت بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییە سیاسی و دەرەکییەکان، شیکردنەوەی دۆخی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە، و ئەنجامدانی دیداری ئاستبەرز لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی سویسرا سەردانی ئەو وڵاتەیان کردووە.

دکتۆر گێرهارد فیستەر، ئەندامی ئەنجوومەنی نەتەوەیی سویسرا لە پارتی ناوەند (سەنتەر پارتی) و ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی ناوەند، لەسەر ناوی پارتەکەی پێشوازی لە شاندی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد. دکتۆر گێرهارد تا حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٥ سەرۆکی پارتی ناوەند بووە و بە نوێنەرێکی دێرینی پارتەکەی، کەسایەتییەکی سیاسیی ناسراو و بەرگریکاری بەهاکانی دیموکرات مەسیحییەکانی سویسرا دادەنرێت، کە هاوکات گرنگی بە پرسی کورد، مافەکانی مرۆڤ و مافی پێکهاتە ئیتنی و نەتەوەییەکان لە کوردستان دەدات و بە پشتیوان و هاوسۆزی کوردستان دەناسرێت.

لە دیدارێکی گرنگی تردا لەگەڵ پارتی سۆسیال دیموکراتی سویسرا، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و شاندی یاوەری میوانی خوانی نیوەڕۆی پارتی ناوبراو بوون، و دواتر لەگەڵ هەریەک لە بەڕێزان فابیان مۆلینا، ئەندامی پەرلەمانی نەتەوەیی سویسرا و بەرپرسی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی سۆسیال دیموکرات، و دکتۆر سەڤەرین مەێر، ڕاوێژکاری باڵای سیاسەتی دەرەوەی فراکسیۆنی پارتی سۆسیال دیموکراتی سویسری کۆبوویەوە، کە بە دووەم پارتی سەرەکیی سویسڕی نێو ئەنجوومەنی نەتەوەیی سویسرا دادەنرێت.

لە دیدار و کۆبوونەوەکاندا لەگەڵ پارتە سەرەکی و حوکمڕانەکانی سویسرا، هوشیار سیوەیلی شیکردنەوەیەکی سیاسی و واقیعییانەی بۆ دۆخی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە خستە ڕوو، لە دیدگای پارتی دیموکراتی کوردستان و هەرێمەوە پەیوەست بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ، جەنگی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و کاریگەرییەکانی بەسەر وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، بەتایبەتی هەرێمی کوردستان کە بەردەوام کەوتووەتە بەر هێرشی درۆنی و ڕاکێتیی ئێران و میلیشیاکانی دەرەوەی یاسا بۆ سەر شوێنە مەدەنی، ئیداری، حکوومی و نووسینگەکانی سەرۆکایەتیی هەرێم و حکوومەت و چەندین دامەزراوەی ئابووری و بازرگانی، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان بێلایەنیی خۆی پاراستووە و ئەم هێرشانە هیچ پاساوێکیان نییە.

لەو چوارچێوەیەدا داوا لە شاندی نێودەوڵەتی و سویسری کرا پەیوەندییە سیاسی، دیپلۆماسی و ئابووری-بازرگانییەکان لەگەڵ هەرێم گەشە پێ بدەن و پرسی کورد لە پەرلەمانی سویسرا، یەکێتیی ئەورووپا و پەرلەمانی وڵاتان باس بکەن، بەتایبەت کە بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان، هەڕەشەکان گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار کە ئاشتی و سەقامگیری دەخاتە بەردەم مەترسییەوە. هەروەها داوا کرا لە ڕێگەی باڵیۆزخانەکانیان لە بەغدا و کۆنسوڵگەرییەکانیان لە هەولێر، پشتیوانیی هەرێم بکەن و گوشار بخەنە سەر حکوومەتی فیدراڵی عێراق تا ڕێگری لە هێرشی میلیشیاکان بگرێت و ڕێز لە مافە دەستوورییەکانی هەرێم بنێت.

لە تەوەرێکی تردا، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی جەختی لە پابەندبوونی هەرێمی کوردستان بە ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ، پێکەوەژیان و کلتووری لێبووردەیی کردەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە بەخشینی بەرزترین مەدالیای قەداسەتی پاپای ڤاتیکان بۆ ستایشی ڕۆڵی سەرۆک مەسعود بارزانی، باشترین بەڵگەی سەرکەوتنی کلتووری پێکەوەژیانە لە کوردستاندا.

لە دیدارەکاندا دووبارە بە فەرمی بانگهێشتی شاندێکی پەرلەمانی سویسرا کرا بۆ سەردانیکردنی هەرێمی کوردستان (کە پێشتر لە ئاداری ڕابردوو بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە دواکەوتبوو)، و چاوەڕوان دەکرێت لە نیوەی یەکەمی ساڵی داهاتوودا ئەم سەردانە ئەنجام بدەن.

سەرەڕای پشووی هاوینە لە ئەورووپا، چالاکییەکانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی بەردەوامن، لە ٢٧-٢٨ی ئاب: بەشداری لە کۆنفرانسی ساڵانە و ئیڤێنتی ٣٥ ساڵەی دامەزراندنی ڕێکخراوی UNPO لە لاهایی-هۆڵەندا و ٢-٤ی ئەیلول: بەشداری لە کۆنفرانسی بەرلین بۆ یەکێتیی نێودەوڵەتی پارتە دیموکراتەکان (IDU) لە ئەڵمانیا و ١١-١٢ی ئەیلول: بەشداری لە کۆنفرانسی پارتی سۆسیال دیموکرات و پارتی کاریگەرانی باکووری ئایرلەندا لە بێلفاست، چاوەڕوانیش دەکرێت بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتیی سیاسی و پەرلەمانتاری تری سویسڕیدا دیدار و کۆبوونەوەی تر ئەنجام بدات.