Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ژینگەی هەڵەبجە بۆ KDP.info: یاسا و هۆشیاری ئاسایشیان بۆ ئاژەڵە کێوییەکان گەڕاندووەتەوە

هەڵەبجە-KDP.info- سەقامگیریی ئاسایش بۆ گیانلەبەرە کێوییەکان و جێبەجێکردنی یاساکانی پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان، بووەتە هۆی دروستبوونی ئاشتەوایی لە نێوان مرۆڤ و سروشتدا. ئەمەش وایکردووە ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان بە ئارامییەوە لە شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییان نزیک ببنەوە و دیمەنێکی ناوازە ببەخشنە سروشتی نیشتمان.

لەوبارەیەوە، عەمید عابدین عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری پۆلیسی ژینگەی هەڵەبجە تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند، "جێبەجێکردنی یاساکانی پاراستنی ژینگە و بەرزبوونی ئاستی هۆشیاریی هاووڵاتییان، هۆکاری سەرەکین بۆ ئەوەی گیانداران هەست بە ئاسایش بکەن و لە ژینگەی مرۆڤەکان نزیک ببنەوە. وەک نموونەیەک، لە گوندێکی هەورامان ورچێک هاتووه‌ته‌ خوارەوە و بەبێ هیچ مەترسییەک لەگەڵ مرۆڤەکاندا تێکەڵ بووە."

عەمید عابدین ئاماژەی بەوەش کرد کە سزادانی سەرپێچیکاران و تێکدەرانی ژینگە بووەتە وانەیەک بۆ ئەوانی تر تا خۆیان لە دەستدرێژیکردنە سەر سروشت بپارێزن.

بەڕێوەبەری پۆلیسی ژینگەی هەڵەبجە ڕوونیشی کردەوە، هاووڵاتییانی سنوورەکە ڕۆشنبیرییەکی بەرز و باشیان بەرامبەر پاراستنی ژینگە هەیە و تەنیا ژمارەیەکی زۆر کەمی خەڵک ڕاو دەکەن. هیواشی خواست ئەو کەسانەش دەست لەو کارانە هەڵبگرن و خۆیان لە سزا یاساییەکان بپارێزن.

سەبارەت بە هەوڵە بەردەوامەکانیان بۆ پاراستنی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان، ناوبراو گوتی، "ئێمە بە قووڵی کار لەسەر زیاتربوون و پاراستنی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان دەکەین. لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە لایەن کەسێکی خەمخۆرەوە ٣٠٠ کەو هێنران و لە کوێستانەکانی هەورامان ئازاد کران."

لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە کە ناوچەکەیان خاوەنی ڕووبەرێکی بەربڵاوی شاخ و دەریاچەیە، و بە هاوکاریی هاووڵاتییان و خەمخۆرانی ژینگە، بەردەوام دەبن لە پاراستنی ڕووبەری سەوزایی و جوانترکردنی سروشتی کوردستان.

عەزیز ڕەسووڵ