Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەیامی سەرۆك بارزانی لە یادی سی و هەشت ساڵەی ئەنفالی بادینان

هەولێر-KDP.info- سەرۆک مەسعود بارزانی لە یادی سی و هەشت ساڵەی تاوانی ئەنفالی بادیناندا پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، ئیرادەی پۆڵایینی گەلی کوردستان بۆ مانەوە و ئازادیخوازی سەرکەوت، هاوکات جەختی کردەوە کە ئەرکی سەر شانی دەوڵەتی عێراقە قەرەبووی هەموو ئەو تاوانانە بکاتەوە کە لە دژی گەلی کوردستان ئەنجام دراون.

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٥ی ئابی ٢٠٢٦، سەرۆک مەسعود بارزانی بەبۆنەی یادی ٣٨ ساڵەی تاوانی ئەنفالی بادینان پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی:

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

لەدرێژەی زنجیرە تاوانەكانی ڕژێمی پێشووی عێراق لە سەدەی بیستەم، لە بیست و پێنجی ئابی 1988 هەتا شەشی ئەیلوولی 1988 ڕژێمی عێراق هەڵمەتێكی نامرۆڤانەی لە بەشێكی زۆری ناوچە و گوندەكانی دەڤەری سەربەرزی بادینان بەڕێوە برد. لەو پیلانەدا تاوانی كیمیابارانكردن و گرتن و كوشتن و ڕاگواستنی زۆرەملێ و ئەنفالی هاووڵاتیانی بێ تاوان لە لایەن هێزەكانی ڕژێمی ئەو كاتی عێراقدا جێبەجێ كرا. لە ئەنجامی ئەو تاوانە نامرۆڤانەیە بە هەزاران هاووڵاتیی كوردستان كۆمەڵكوژ و بێ سەروشوێن و ئاوارە كران و سەدان گوندیش خاپوور و وێران بوون.

ئامانجی سەرەكیی ڕژێم لەو تاوانە گەورەیە گۆڕینی دیموگرافی كوردستان و جێبەجێكردنی سیاسەتی زەویی سووتاو و شكاندنی ئیرادەی گەلی كوردستان بوو. بەڵام ئیرادەی پۆڵایینی گەلی كوردستان بۆ مانەوە و ئازادیخوازی سەركەوت و ئەوە دوژمنان و تاوانباران بوون كە ڕووخان و بوونە پەندی ڕۆژگار.

لە یادی سی و هەشت ساڵەی تاوانی ئەنفالی بادینان هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ئەنفالی بادینان و گەرمیان و بارزان و تێكڕای شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كوردستان دەنێرین. لەو یادە دڵتەزێنەدا ڕایدەگەیێنین ئەركی سەر شانی دەوڵەتی عێراقە كە قەرەبووی هەموو ئەو تاوان و پێشێلكاریانە بكاتەوە كە لەدژی گەلی كوردستان ئەنجام دراون.

 

مسعود بارزانی

25ی ئابی 2026