هەولێر-KDP.info- سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە 38یەمین ساڵیادی تاوانی ئەنفالی بادیناندا داوا لە حکوومەتی فیدراڵی عێراق دەکات کەسوکاری قوربانییانی ئەنفال قەرەبوو بکاتەوە، هاوکات جەخت لە بەردەوامیی هەوڵەکان دەکاتەوە بۆ ناساندنی ئەم تاوانە وەک جینۆساید لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
ئەمڕۆ سێشەممە 25ی ئابی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی یادی بەئازاری 38 ساڵەی تاوانی ئەنفالی بادینان پەیامێکی بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی ئەنفالی بادینان:
ئەمڕۆ یادی بهئازاری (38) ساڵەی تاوانی ئەنفالی بادینان دەکەینەوە کە لە 25ی ئاب تا 6ی ئەیلوولی 1988 لە دوا قۆناغی شاڵاوەکانی ئەنفالدا، ڕژێمی ئهوسای عێراق خەڵکی سڤیل، ئاو، خاک، هەوا و ژینگەی دەڤەری بادینانی بە چەکی قەدەغەکراو کردە ئامانج. لەم یادەدا، بە ڕێز و شکۆوە یادی هەموو شەهیدان و قوربانییانی ئەنفالی بادینان و تهواوی ئەنفالکراوانی کوردستان دەکەینەوە و سەری ڕێز و نەوازش لەبەردەم گیانی پاکیاندا دادەنوێنین.
ئەنفال تاوانێکی گەورەی دژ بە مرۆڤایەتی بوو کە لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقەوە وەک تاوانی جینۆساید، تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی ناسێندراوە. بۆیە لەم یادەدا داواکاریمان لە حکوومەتی فیدراڵی عێراق دووپات دەکەینەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەویی کەسوکاری قوربانییانی ئەنفال و تەواوی قوربانییانی تاوانەکانی ڕژێمی پێشوو لە هەرێمی کوردستان، هاوکات دەبێ هەوڵەکانمان بۆ ناساندنی ئەنفال لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەک جینۆساید بەردەوام بن.
دەبێ مێژووی پڕ لە تاوان و ماڵوێرانیی ڕابردوو ببێتە پەند و وانەیەکی هەمیشەیی بۆ عێراق تا ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی هەر جۆرە ستەمکاری و پێشێلکارییەک بکرێت و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان و هەموو پێکهاتەکان پارێزراو بن. لەم پێناوەشدا، جەخت لە پتەوکردنی تەبایی، یەکڕیزی، پێکەوەژیانی ئاشتییانە و بەهێزکردنی هاریکاریی نێوان تەواوی لایەنە سیاسییەکان دەکەینەوە تا بتوانین داهاتوویەکی ئارام و سەقامگیر بۆ گەلەکەمان مسۆگەر بکەین.
دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ئەنفالی بادینان و تەواوی شەهیدانی کوردستان. هەمیشە بە پێزانین و ڕێزەوە هەڵوێستی نیشتمانی و مرۆڤدۆستانەی خەڵکی هەولێر و دەوروبەری بەبیر دەهێنینەوە کە لە ڕۆژگاری سەختی کەمپی جێژنیکاندا بە هانای لێقەوماوانی بادینانەوە چوون.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2026/8/25