هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ سێشەممە، 25ـی ئابی 2026، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی لەبارەی ئەنفالی بادینان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەمڕۆ لە 38ـمین ساڵڤەگەڕی شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفالی بادیناندا، بە رێز و شکۆوە یادی قوربانییانی ئەو جینۆسایدە دەکەینەوە، پێویستە حکوومەتی فیدراڵ قەرەبووی کەس و کاری گشت قوربانیان بکاتەوە، ئێمەش پابەندین بە خزمەتکردنی زیاتری کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان.
دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی لە ساڵیادی ئەنفالی بادینان:
ئەمڕۆ لە سی و هەشتەمین ساڵڤەگەڕی شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفالی بادیناندا، بە ڕێز و شکۆوە، یادی هەموو قوربانییانی ئەو تاوانە دڕندانەیە دەکەینەوە کە لە دواقۆناخی ئەم شاڵاوە دڕندانە و جێنۆسایدەدا، ڕژێمی پێشووی عێراق، هەزاران مرۆڤی بێتاوانی لە پێکهاتە جیاوازەکانی دەڤەری بادیناندا، شەهید و بێسەروشوێن کرد، هەروەها سەدان گوند و دێهاتیشی وێران کرد کە سەرەنجام بووە هۆی ئاوارە و دەربەدەربوونی دەیان هەزار کەس.
لەم یادە خەمگینەدا، جارێکی دیکە دووپاتی دەکەینەوە، کە پێویستە حکوومەتی فیدراڵی عێراق، قەرەبووی گشت کەسوکاری قوربانییانی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال و کیمیاباران و هەموو قوربانییانی دەستی ڕژێمی پێشوو بکاتەوە. حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش وەک هەمیشە، پابەندبوونی خۆی بە خزمەتکردنی زیاتری کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان دووپات دەکاتەوە.
دروود بۆ گیانی پاکی قوربانییانی جینۆسایدی ئەنفال و گشت شەهیدانی کوردستان.
مەسروور بارزانی
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
2026/8/25