Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەکتەبی سیاسیی پارتی: ئومێدەوارین یادی مەولوود بێتە مایەی پتەوکردنی بنەماکانی تەبایی و پێکەوەژیان

هەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام حەزرەتی محەمەد (دروودی خوای لێ بێت) پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە و ئومێدەوارە ئەم یادە بێتە مایەی پتەوکردنی بنەماکانی تەبایی و پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکەدا.

دەقی پەیامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان:

پەیامی پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام حەزرەتی محەمەد(دروودی خوای لێبێت)

بە بۆنەی هاتنەوەی یادی لە دایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام حەزرەتی محەمەد (دروودی خوای لێبێت) پیرۆزباییەکی گەرم لە سەرجەم موسڵمانانی کوردستان و عێراق و جیهان دەکەین، ئومێدەوارین ئەو یادە مایەی زیاتر پتەوکردنی بنەماکانی تەبایی و پێکەوەژیان بێ لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکەدا.

هەرێمی کوردستان هەمیشە و بەبێ جیاوازی زێدی پێکهاتەکان و نیشتیمانی لێبووردەیی و برایەتییە، ئەمەش مایەی شانازی هەموومانە لەسایەی سەقامگیریی و ئاسوودەیی ئەو قەوارە دەستووری و سیاسییەدا.

هیوادارین بۆ لەمەودواش هەموو لایەک پێکەوە زیاتر هەوڵ بدەین وڵاتەکەمان ئاوەدانتر و سەقامگیرتر بێت و خۆشگوزەرانی و دەستکەوتی زیاتر بۆ گەلەکەمان و هاووڵاتییان بێتە دی. 

 

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان

٢٥ـی ئابی ٢٠٢٦

١٢ـی ڕەبیعولئەوەلی ١٤٤٨ی کۆچی