Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەفین دزەیی: دەبێت عێراق سزای ئەو گرووپە چەکدارانە بدات کە هێرش دەکەنە سەر کوردستان

ھەولێر-KDP.info-  سەفین دزەیی رایگەیاند، لەوەتەی شەڕ دەستیپێکردووە، هەرێمی کوردستان بە ئامانج گیراوە و زیانێکی زۆری بە ژێرخانی ئابووری و هاووڵاتییان گەیاندووە؛ دەشڵێت، دەبێت حکوومەتی عێراق رێگری لەو گرووپە چەکدارانە بکات کە هێرشەکان دەکەن.

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "بەداخەوە لەوەتەی ئەم شەڕە دەستی پێکردووە، هەرێمی کوردستان بە ئامانج گیراوە."

سەفین دزەیی روونیکردەوە، هەرێمی کوردستان بەشێک نەبووە لەو شەڕە و هەمیشە داوای سەقامگیری و ئارامیی کردووە، جەختیشی کردەوە، دەبێت کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکرێن.

بەرپرسی فەمانگەی پەیوەدنییەکانی دەرەوە گوتیشی، "بەداخەوە هەزار درۆن و مووشەک ئاراستەی هەرێمی کوردستان کراون؛ ئەمەش زیانی زۆری هەبووە، هەم لە رووی شەهیدبوون و برینداربوونی هاووڵاتییانەوە، هەم لە رووی بەئامانجگرتنی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە."

سەبارەت بە هەڵوێستی نێودەوڵەتی و ئەرکی حکوومەتی فیدراڵ، سەفین دزەیی رایگەیاند، ئەو هێرشانەی بەم دواییانە کرا، لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، کونسوڵگەرییەکان و نێردە دیپلۆماسییەکانەوە بە توندی سەرکۆنە کرا و هیوادارین رووداوی وەها دووبارە نەبێتەوە، روونیکردەوە، بەشێک لەم رووداوانە دەکەونە ئەستۆی حکوومەتی عێراق، دەبێت بە ئەرکی یاسایی خۆی بۆ پاراستنی سەروەری و هاووڵاتییان هەڵدەستێت.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە باسی لەوەکرد "ئەو هێرشانەی لەناو خودی عێراقیشەوە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، دەبێت رێگرییان لێ بکرێت و هەنگاوی پێویستیان بەرامبەر بگیرێتە بەر، بەتایبەت ئەو گرووپە چەکدارانەی لەناو عێراقەوە هێرشەکان دەکەن، دەبێت سزا بدرێن نەک تەنیا رێگرییان لێ بکرێت."