Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکوەزیران و سەرکردایەتی کوردستان پاڵپشتی بەشداریی کارای ئافرەتانن لە پڕۆسەی ئابووریدا

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ دووشەممە، 24ـی ئابی 2026، لە ژێر دروشمی (لە پابەندبوونەوە بۆ کردار)، دیالۆگی سیاسەتی ئابووری بەڕێوە چوو. لە میانی چالاکییەکەدا، محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، ستراتیژی دەستەکەی بۆ پاڵپشتی لە وەبەرهێنەران و بەتایبەت ئافرەتانی خاوەنکار خستە ڕوو.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان دەستخۆشی لەو کەسانە کرد، لەناو بازاڕدا سەرقاڵی کارن و سەرپەرشتی پڕۆژە ئابوورییەکان دەکەن و ڕایگەیاند، "ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە، ئەو کەسانەی لەناو بازاڕدا دووکانیان هەیە یان خاوەن کارن، بە باشترین شێوە سەرپەرشتی پڕۆژە ئابوورییەکان دەکەن."

ئاماژەی بەوەش کرد، دەستەکەیان ئامادەیە بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە هاوکاری و ئاسانکارییەک بۆ ئەو وەبەرهێنەرانەی کە پڕۆژەیان هەیە یان دەیانەوێت پڕۆژەی نوێ پێشکەش بکەن.

محەمەد شوکری جەختی لە گرنگیی بەشداریی ئافرەتان کردەوە لە کەرتی ئابووریدا و ئاماژەی بەوە دا، بەبێ بەشداریی ئەوان، 50%ــی ئابووریی جیهان تووشی کەموکوڕی دەبێت. گوتیشی، "ناکرێت بەشێکی هێندە گرنگی کۆمەڵگا بێبەش بێت لە کەرتی ئابووری، چونکە بەشداریی ئافرەتان ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی وڵات."

لە پەیامێکی ڕاستەوخۆدا بۆ ئافرەتانی خاوەنکار، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ڕایگەیاند، "ئێمە هەموو دەرگاکانیان بۆ دەکەینەوە و ئاسانکاریی تەواویان بۆ دەکەین تا بتوانن پڕۆژەکانیان جێبەجێ بکەن و لەسەر پێیەکانی خۆیان بوەستن."

لە کۆتاییدا محەمەد شوکری ئاماژەی بەوە کرد، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و تەواوی سەرکردایەتی سیاسیی کوردستان، هەماهەنگ و پاڵپشتن بۆ ئەوەی ئافرەتان ڕۆڵێکی کارا و کاریگەر لە پڕۆسەی ئابووریی هەرێمی کوردستاندا بگێڕن.