هەولێر-KDP.info- دکتۆر ئاڵان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئامادەکارییەکان بۆ ساڵی نوێی خوێندن لە مانگی شەشەوە دەستیان پێکردووە. هاوکات ئاماژە بە چاپکردنی 20 ملیۆن کتێب، نۆژەنکردنەوەی هەزاران ڕەحلە، دابینکردنی سووتەمەنی بۆ قوتابخانەکان و کاراکردنی فەرمیی پلاتفۆرمی دیجیتاڵیی قوتابخانە دەکات.
وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوە کرد کە پرۆسەی چاپکردنی کتێبەکان قۆناغی باشی بڕیوە و نزیکەی 20 ملیۆن کتێب بۆ ساڵی نوێ چاپ دەکرێن. تاوەکو ئێستا زیاتر لە 131 کۆنتێنەر کتێب گەیشتوونەتە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پارێزگاکان، و لە 1/9ـەوە دابەشکردنیان بەسەر قوتابخانەکاندا دەست پێدەکات و وەجبەی دیکەش پێش بڕیاری ئاسایی بەردەوام دەبێت.
سەبارەت بە بینای قوتابخانەکان و پێداویستییەکانیان، دکتۆر ئاڵان حەمەسەعید ڕوونی کردەوە، "32 باڵەخانەی نوێ لەلایەن حکوومەت، ڕێکخراوەکان، خێرخوازان و بەخشەرانەوە تەواو کراون و کار بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان دەکرێت و زیاتر لە 10 هەزار ڕەحلەی قوتابخانە لە ژێر چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەدان، هەروەها ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی داوە تاوەکو پێش هاتنی وەرزی سەرمای زستان، نەوت بۆ تەواوی ناوەندەکانی خوێندن دابین بکرێت.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، وەزیری پەروەردە باسی لەوە کرد کە پلاتفۆرمێکی دیجیتاڵیی تایبەت بە قوتابخانەکان دروست کراوە و لەم ساڵی خوێندنەدا بە فەرمی لە زۆرێک لە ناوەندەکاندا کارا دەبێت. هاوکات خولی ڕاهێنانی مامۆستایانیش لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە دەست پێدەکات و تاوەکو 19/9 بەردەوام دەبێت.
بڵند ئیبراهیم