Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

باڵیۆزی عێراق لە میسر: پارتی ڕێبازی دیموکراسی و فرەیی لە سەرانسەری عێراقدا بەهێز کردووە

قاهیرە-KDP.info- بەبۆنەی ٨٠یەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و یادی لەدایکبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی، مەکتەبی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قاهیرە ئێوارەئاهەنگێکی بەشکۆی ساز کرد.

ئاهەنگەکە بە ئامادەبوونی د. قەحتان تەها، باڵیۆزی کۆماری عێراقی فیدراڵ لە میسر، و ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتیی سیاسی، ئەکادیمی، ڕۆشنبیر، ڕاگەیاندنکار، پەرلەمانتار و قوتابیانی کورد و عێراقی بەڕێوە چوو.

لە ئاهەنگەکەدا، د. قەحتان تەها، باڵیۆزی عێراق لە میسر گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا ڕایگەیاند، ''بەشداریکردنمان لەم یادەدا و ئاراستەکردنی پیرۆزبایی لە سەرکردایەتی و ئەندامان و لایەنگرانی پارتی، لە پێزانینێکەوە سەرچاوە دەگرێت بۆ خەباتی هەشت دەیەی ئەم حیزبە لە ڕووبەڕووبوونەوەی بەربەستەکاندا، هەروەها بۆ ڕۆڵی بەرچاوی لە چەسپاندنی فرەیی، بەشداریی سیاسی و بەهێزکردنی ڕێبازی دیموکراسی لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا.

باڵیۆزی عێراق ئاماژەی بەوەش دا، ''پێویستە ئەم یادە بێتە هەوێنێک بۆ نوێکردنەوەی پابەندبوون بە کردەوەی نیشتمانیی هاوبەش، بەهێزکردنی دیالۆگ و دانانی بەرژەوەندیی باڵای عێراق لە سەرووی هەموو ڕەچاوکردنێکەوە، لە پێناو پاراستنی سەروەریی وڵات و هێنانەدیی خواستەکانی گەل.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، باڵیۆزی عێراق ڕۆڵی مەکتەبی پارتی لە قاهیرە و شێرکۆ حەبیب، بەرپرسی مەکتەبی بەرز نرخاند لە خزمەتکردنی ڕەوەندی عێراقی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق، هەرێمی کوردستان و کۆماری میسر. هاوكات پیرۆزبایی گەرمی خۆی ئاراستەی سەرۆک مەسعود بارزانی کرد و ستایشی ڕۆڵی جەنابیانی کرد لە پشتیوانیکردنی ئاشتی، برایەتی، لێبوردەیی و دیالۆگ.

لای خۆشییەوە، شێرکۆ حەبیب، بەرپرسی مەکتەبی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قاهیرە، وێڕای بەخێرهێنانی میوانان، گوتی، ''لە یادی ٨٠ ساڵەی دامەزراندنی پارتیماندا مۆمێکی دیکەی خەبات هەڵدەگیرسێنین کە ڕێگەی گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان ڕوونتر دەکاتەوە. ڕێکەوتێکی مێژوویی جوانە کە ساڵیادی دامەزراندنی پارتی هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی لەدایکبوونی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، کە نوێنەرایەتیی درێژکراوەی ڕێبازی بارزانیی نەمر دەکات و ڕابەرێکی دیاری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەییە.

لە درێژەی ئاخافتنەکەیدا، بەرپرسی مەکتەبی پارتی سەرکۆنەی هەر جۆرە بەئامانجگرتنێکی خاک و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانی کرد و پەلاماردانی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی وەکوو پێشێلکارییەکی ڕوونی نەریتە دیپلۆماسییەکان و سەروەریی عێراق وەسف کرد.

لەکۆتاییدا، لە میانەی ئاهەنگەکەدا دوو فێلمی دۆکیۆمێنتاری دەربارەی خەباتی پارتی دیموکراتی کوردستان و وێستگەکانی ژیانی سەرۆک بارزانی نمایش کران، هاوکات پێشانگەیەک بۆ وێنە مێژووییەکان پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.