Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەرپرسی نوێی لقی سلێمانیی مەکتەبی کۆمەڵایەتیی پارتی دەستبەکار بوو

سلێمانی-KDP.info- بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی-هەڵەبجە-ڕاپەڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، کار و چالاکییەکانی مەکتەبی کۆمەڵایەتیی گشتی بۆ هاوکاری و هەماهەنگیی دامودەزگاکان لە چارەسەرکردنی ئاریشە کۆمەڵایەتییەکاندا بە بایەخەوە دەنرخێندرێن.

عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی-هەڵەبجە-ڕاپەڕین، بە ئامادەبوونی ساناو فەرەیدوون جوانڕۆیی، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەب و بەرپرسی بەشەکانی مەکتەب، پێشوازیی کرد لە دەروێش عەبدولڕەحمان ئاغا، بەرپرسی مەکتەبی کۆمەڵایەتیی گشتیی پارتی دیموکراتی کوردستان و شاندی یاوەری.

دیدارەکە بە مەبەستی بەهێزکردنی هەماهەنگیی نێوان ئۆرگان و بەشەکانی حزب، و ئەنجامدانی ئاڵوگۆڕی پۆستی بەرپرسی لقی سلێمانیی مەکتەبی کۆمەڵایەتی لە نێوان ئیبراهیم حەمەئەمین ئاغای بارێ بچوک (بەرپرسی پێشوو) و ئاراس ئیبراهیم ئاغای نۆڕک (بەرپرسی نوێ) بەڕێوە چوو.

لە کۆبوونەوەکەدا، شاندی میوان بە وردی تیشکیان خستە سەر کار و چالاکییەکانی مەکتەبی کۆمەڵایەتیی گشتی و لقەکانی. لای خۆشییەوە، عەلی حوسێن وێڕای دەستخۆشی لە کار و چالاکییەکانیان، سوپاسی بەرپرسی پێشووی لقی سلێمانیی کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ بەرپرسی نوێ خواست.

عەلی حوسێن ڕۆڵی بەرپرس و هەڤاڵانی مەکتەبی کۆمەڵایەتیی گشتیی بەرز نرخاند لە چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان و بەشدارییان لە بۆنە کۆمەڵایەتی، ئایینی و سیاسییەکاندا، جەختیشی کردەوە کە هاوکارییەکانی ئەم مەکتەبە لەگەڵ دامودەزگاکانی حکوومەتدا ڕەهەندێکی گرنگ و بایەخداری هەیە.

لە کۆتاییدا، هەڤاڵانی مەکتەبی کۆمەڵایەتیی گشتی و لقی سلێمانی سوپاسی پشتیوانی و هەماهەنگیی بەردەوامی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی–هەڵەبجە–ڕاپەڕینیان کرد.