Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دڵشاد هیرانی بۆ KDP.info: بەم زووانە چەند ناوچەی قەدەغەکراوی ژینگەیی ڕادەگەیێندرێت

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر ڕایگەیاند، هۆشیاریی هاووڵاتیان بەرامبەر پاراستنی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان زیادی کردووە و ڕاوکردن کەم بووەتەوە. هەروەها ئاشکرای کرد کە بۆ پاراستنی زیاتری سامانی سروشتی، بەم زووانە چەند ناوچەیەکی قەدەغەکراوی ژینگەیی لە سنووری پارێزگای هەولێر ڕادەگەیێندرێن.

دڵشاد هیرانی، بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''لەو ساڵانەی دواییدا تێڕوانینی خەڵک بەرامبەر بە ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان گۆڕاوە، ئێستا لەبری ڕاوکردنیان هاوکارییان دەکەن. بەداخەوە پێشتر مەترسیی زۆر لەسەر ژینگە هەبوو و ڕاوێکی زۆر دەکرا، بەڵام ئێستا ڕێژەی ڕاوکردن بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە و ڕێنمایی توندیش دەرکراون بۆ دەستگیرکردنی سەرپێچیکاران. هێزەکانی ژینگەپارێزی و دارستان بەردەوام چاودێریی ڕەوشەکە دەکەن.

ئاماژەی بەوەش دا، ''هەندێک جۆری ئاژەڵ و باڵندە کە مەترسیی لەناوچوونیان لەسەر بوو، ئێستا پەیدابوونه‌تەوە و زیادیان کردووە، بۆ نموونە ئاژەڵی مامز لە هەندێک ناوچەی وەک زورگەزراو و دەشتی هەولێر بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. لە کابینەی نۆیەمدا گرنگییەک و بڕیاری زۆر بۆ پاراستنی ژینگە و ڕێکخستنی ڕێنوماییەکانی ڕاوکردن دراون.

بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر جەختی کردەوە، ''بۆ پاراستنی زیاتری ژینگەی هەرێمی کوردستان، بڕیارە ژمارەیەک ناوچەی قەدەغەکراو لە سنووری پارێزگای هەولێر ڕابگەیێندرێن، لەو ناوچانەدا بە هەموو شێوەیەک ڕاوکردن قەدەغە دەکرێت و هەر کەسێکیش پابەند نەبێت بەپێی یاساکان سزای توند دەدرێت.

دڵشاد هیرانی ڕوونیشی کردەوە، هاووڵاتیان پێگەیشتوویی و ڕۆشنبیریی ژینگەییی بەرزیان نیشان داوە و لە وەرزە سەختەکاندا خواردن بۆ باڵندە و ئاژەڵەکان دابین دەکەن، چونکە نەمانی ئەم بوونەوەرانە هاوسەنگیی ژینگە تێک دەدات و پاراستنیان ئەرکێکی نیشتمانی و مرۆییە.

 

قائید میرۆ