Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەم ڕێنماییانە لەلایەن ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆوە واژۆ کراوە

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێنمایی ژمارە 8ی ساڵی 2026ـی تایبەت بە جێبەجێکردنی ڕێبەری سەلامەتی گشتی دەرکرد، کە ئامانجی پاراستنی گیان و سامانی هاووڵاتییان و چەسپاندنی ستانداردە جیهانییەکانی سەلامەتییە لە پڕۆژە و دامەزراوە جیاوازەکاندا.

بەگوێرەی رێنماییەکی نوێی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لێژنەیەکی باڵا لە وەزارەت و چەندین لێژنەی لاوەکی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان پێکدەهێنرێن بۆ چاودێریکردن و جێبەجێکردنی مەرجەکانی سەلامەتی.

بەگوێرەی ئەو ڕێنماییانە، پڕۆژەکان لە قۆناخی نەخشەسازی، دروستکردن و دوای تەواوبوون پابەند دەکرێن بە جێبەجێکردنی مەرجەکانی سەلامەتی و ساڵانە چوار جار پشکنینی خولییان بۆ دەکرێت.

ڕێنماییەکە چەند خاڵێکی سەرەکی لەخۆ دەگرێت:

یەکەم، سەلامەتی سووتەمەنی و گاز : مەرجی توند بۆ سیستەمی گازی LPG لە شوێنە نیشتەجێبوون و بازرگانییەکان، وێستگەکانی سووتەمەنی و دانانی سیستەمی ئاگادارکردنەوە و کوژاندنەوەی ئاگر دیاریکراوە.

دووەم، گواستنەوەی ماددە مەترسیدارەکان: تانکەرەکانی گواستنەوەی سووتەمەنی و ماددە کیمیاییەکان دەبێت خاوەنی کۆدی تایبەت و تابلۆی ناسنامە بن و ساڵانە پشکنینی هونەرییان بۆ بکرێت.

سێیەم، کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون: هەر کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوون کە ژمارەی یەکەکانی لە 1,000 یەکە زیاتر بێت، پێویستە بنکەیەکی بەرگریی شارستانی، ئۆتۆمبێل و ستافی پێویستی بۆ دابین بکرێت.

چوارەم، تیمەکانی پاراستنی خود: فەرمانگە و پڕۆژەکان دەبێت تیمی تایبەتیان هەبێت و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانییەوە ڕاهێنانیان پێ دەکرێت بۆ کاتی ڕووداوەکان.

ڕێنماییەکە خشتەیەکیشی بۆ رسووماتی پشکنین و سزاکان داناوە، ڕسووماتی پشکنینی هەر پڕۆژەیەک 250 هەزار دینارە، لە بەرامبەردا سزای پابەندنەبوون بە مەرجەکانی سەلامەتی 500 هەزار دینار و سزای نەبوونی تابلۆی ناسنامە لەسەر تانکەرەکان 200 هەزار دینار دیاریکراوە.

پەیمانگای بەرگری شارستانی ڕاسپێردراوە خولی ڕاهێنانی ئاستی A و B بۆ کارمەندانی تیمەکانی پاراستنی خود لە کەرتی گشتی و تایبەت بکاتەوە، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی تواناکانیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاگرکەوتنەوە و فریاگوزاری سەرەتایی.

ئەم رێنماییانە لەلایەن رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆوە واژۆ کراوە، لە کاتی بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمی وەقایەی کوردستان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و سەرجەم نووسراو و ڕێنماییە پێشووەکانی پێچەوانەی ئەم ڕێنماییە هەڵدەوەشێنێتەوە.