Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شۆفێران بۆ KDP.info: پڕۆژەکانی ڕێگەوبان بوونەتە قەڵغانی پاراستنی گیانی هاووڵاتییان

سۆران-KDP.info- لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزارییەکان، کەرتی ڕێگەوبان و هاتوچۆ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەخۆیەوە بینیوە. ئەم دەستپێشخەرییانە تەنها خزمەتگوزاری سەرهێڵ نین، بەڵکو لەلایەن هاووڵاتییان و شۆفێرانی ناوچەکەوە وەک «قەڵغانێکی سەرەکی بۆ پاراستنی گیان و ماڵیان سەیر دەکرێن.

ئیسماعیل نوورەددین، شۆفێرێکی دەڤەری سۆرانە و بەهۆی پیشەکەیەوە ڕۆژانە کاتێکی زۆر بە لێخوڕینی ئۆتۆمبێلەوەیە. ئەو لەوبارەیەوە بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "من وەک شۆفێرێک کارئاسانی زۆرم بۆ کراوە لە کار و ئەرکی ڕۆژانەم. پڕۆژەکانی سەرۆکی حکوومەت لە دروستکردن و چاککردنەوەی ڕێگەوبان و شەقامەکان وای کردووە شۆفێران چیتر نیگەرانییان نەبێت و دڵنیایی تەواومان هەبێت لە سەلامەتیی گیانی خۆمان و هاووڵاتییان. ئەو ڕاشیدەگەیەنێت كە هەوڵە جدییەکانی سەرۆکی حکوومەت، ڕووداوەکانی هاتوچۆ و پێکدادانی ئۆتۆمبێلەکانی کەمتر کردووەتەوە و پڕۆژەکانی ڕێگەوبان هاوکات بەشێکن لە پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتیان."

هەر لەم بارەیەوە ڕێناس ئاراز، شۆفێرێکی تری دەڤەرەکەیە و دەڵێت، "پڕۆژەکانی ڕێگەوبانی سۆران وەک شەقامی جووتسایدی 40 مەتری، بەرزەپردی دەروازەی سۆران، جووتسایدی گەڕەکی پیشەسازی و چاککردنەوەی شەقامەکان، بەڕاستی کاری پڕۆفیشناڵانەی حکوومەتی هەرێمن و مایەی دەستخۆشیین. ڕێناس باسی گوتیشی، "ئێستا بەهۆی فراوانکردنی ڕێگە و شەقامەکان هاوڕێ لەگەڵ دانانی کامێراکانی تیژڕۆیی، بەو پەڕی دڵنیاییەوە شۆفێری دەکەم و دڵخۆشم بەم گۆڕانکارییە بنەڕەتییانەی کەرتی ڕێگەوبان و هاتوچۆ". ناوبراو لە کۆتاییدا سوپاسی هەوڵەکانی سەرۆکی حکوومەتی کرد و هیوای خواست پڕۆژەکان بەردەوام بن.

فێنک هەینییش کە هاووڵاتیێکی تری ئیدارەی سۆرانە، لە دیدی گەشتیاری - بازرگانی، پڕۆژەکانی ڕێگەوبانی هەڵسەنگاند و گوتی، "دووسایدکردنی ڕێگە سەرەکییەکان و دروستکردنی شەقامی ستاندارد، هاتنی گەشتیار و گواستنەوەی کاڵا ئاسانتر دەکات. لە لایەکی تر، ڕێگە قیرتاوکراوەکان، تێچوو و زیانی ئۆتۆمبێلەکانیش کەمتر دەکاتەوە. فێنک دەشڵێت، "لەگەڵ ئەمانەشدا، هەبوونی ڕووناکی و هێماکانی هاتوچۆ لەسەر ڕێگە و شەقامەکان بەتایبەتی لەکاتی شەو و کەشوهەوا تەمومژاوییەکاندا، کاریگەری ڕاستەوخۆی لە کەمبوونەوەی ڕووداوە نەخوازراوەکان هەیە." ئەم هاووڵاتییە لە کۆتاییدا، زنجیرە پڕۆژەکانی ڕێگەوبانی حکوومەتی بەرز نرخاند و گوتی، "ئەم پڕۆژانە تەنیا خزمەتگوزاری ئاسایی نین بەڵکو قەڵغانێکی سەرەکیین لە پاراستنی ماڵ و گیانی هاووڵاتییان."

 

ئەژین غەفار