هەولێر-KDP.info- پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، بەشەبەنزینی پاڵپشتیکراوی حکوومەت بۆ دوو هێندەی ئێستا زیاد دەکرێت و دابەشکردنی بەنزینیش لە ڕێگەی کارتی ئەلیکترۆنیی وەرگرتنی سووتەمەنییەوە دەبێت و لە ڕۆژی یەکشەممەشەوە بە فەرمی بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ''ئەمڕۆ دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکوومی بۆ دوو هێندەی ئەوەی ئێستا هەیە زیاد دەکرێت و بەسەر شۆفێراندا دابەش دەکرێت. لە ڕێگەی کارتی وەرگرتنی سووتەمەنییەوە بەنزین دەدرێت بە شۆفێران، ئەمڕۆش پرۆسەکە بە شێوەی ئەلیکترۆنی دەست پێ دەکات، ئەگەرنا لە ڕۆژی یەکشەممەوە بە فەرمی بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت.
ئومێد خۆشناو گوتیشی، ''بەشەبەنزینی حکوومیی پاڵپشتیکراو بە نرخی ٧٥٠ دینار لەلایەن حکوومەتەوە بۆ دوو هێندەی ئێستا زیاد دەکرێت و لە نزیکەی ٣٥ بەنزینخانەدا دابەش دەکرێت.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش دا، لە هەفتەیەکدا ئۆتۆمبێلی تایبەت یەک بەشەبەنزین وەردەگرێت و هەوڵ دەدرێت ئۆتۆمبێلی تاکسیش لە هەفتەیەکدا دوو جار بەنزینی پێ بیدرێت.
بڵند ئیبراهیم