Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فراکسیۆنی پارتی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد

ھەولێر-KDP.info-  فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک مەسعوود بارزانی کرد، بەبۆنەی پێبەخشینی نیشانی ئاستبەرزی ڕێزلێنانی پاپای ڤاتیکان بە جەنابیان.

لە ڕاگەیەندراوەکەی فراکسیۆنی پارتیدا هاتووە، کە ئەم ڕێزلێنانە باڵایەی ڤاتیکان کە لەلایەن کاردیناڵ لویس ڕۆفائیل ساکۆ، پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان پێشکەش کرا، دانپێدانانێکی ڕوونی نێودەوڵەتییە بۆ ڕۆڵی مێژوویی و هەڵوێستە نەگۆڕەکانی سەرۆک بارزانی لە پاراستنی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکاندا.

فراکسیۆنی پارتی جەختی کردەوە، کە ئەم هەنگاوە نیشانەی پێزانینی جیهانە بۆ هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی لە قووڵکردنەوەی بەهاکانی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و بەهێزکردنی کولتووری تەبایی و مرۆڤدۆستی لە هەرێمی کوردستان، عێراق و تەواوی ناوچەکەدا.

لە کۆتایی پەیامەکەدا، ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران دووپاتیان کردەوە، کە پەیام و ئاراستەکانی سەرۆک بارزانی بۆ چەسپاندنی برایەتی و پاراستنی مافی تەواوی پێکهاتەکان، وەک ڕێباز و هەوێنی سەرەکیی کار و خەباتی پەرلەمانیی خۆیان دەزانن و کار بۆ بەدیهێنانیان دەکەن.