Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕێزلێنانی ڤاتیکان لە سەرۆک بارزانی، نەخشەی پێکەوەژیان و پەیامی ئاشتیی کوردستان بۆ جیهان

رامی نوری سیاوش

بەخشینی خەڵات و ڕێزلێنان لەلایەن قەداسەتی پاپای ڤاتیکانەوە بە سەرۆک مەسعود بارزانی، لە دیدی منەوە تەنها ڕێزلێنانێک بۆ کەسایەتییەکی سیاسی نییە، بەڵکو ناساندن و هەڵسەنگاندنێکی نێودەوڵەتییە بۆ ئەو ڕۆڵەی کە سەرۆک بارزانی لە پاراستنی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان و پتەوکردنی بنەماکانی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە کوردستان گێڕاویەتی.

وەک یەکێک لە نوێنەرانی پێکهاتەی کریستیان لە پەرلەمانی کوردستان، بەڕوونی دەبینم کە ئەو فەرهەنگەی پێکەوەژیان کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، بەرهەمی هەڵوێست و سیاسەتێکە کە لە ماوەی ساڵاندا پشتگیری لێکراوە. ڤاتیکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەباشی ئاگادارن لەوەی کە سەرۆک بارزانی چ ڕۆڵێکی لە پاراستنی ماف و ئازادیی پێکهاتەکان و پارێزگاریکردن لە فرەڕەنگیی کۆمەڵگەی کوردستاندا هەبووە.

ئەو ڕۆڵە تەنها بە سنووری هەرێمی کوردستان کۆتایی نایەت. لە ساڵانی ڕابردوودا، بە تایبەتی لە کاتە هەستیار و قەیراناوییەکاندا، هەوڵ دراوە فەرهەنگی قبوڵکردنی یەکتر و ژیانی هاوبەش نەک تەنها لە کوردستان، بەڵکو لە عێراق و ناوچەکەشدا بەهێز بکرێت. بۆیە من پێموایە ئەو ڕێزلێنانەی قەداسەتی پاپا، نرخاندن و سوپاسێکە بۆ ئەو ڕۆڵ و هەڵوێستانە.

پێکەوەژیان لە کوردستان پێویستی بە بەڵگە و سەلماندنی تیۆری نییە، چونکە بەڵگەکە لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکدا دەبینرێت. ئێمەی کریستیان لە هەرێمی کوردستان، شان بە شانی خوشک و براکانمان لە پێکهاتە و نەتەوە جیاوازەکاندا دەژین. ئەم ژیانەی ڕۆژانە خۆی باشترین گەواهییە بۆ ئەوەی کە یەکسانی، سەروەریی یاسا، ڕێزگرتن لە مافەکان و فەرهەنگی ئاشتی دەتوانن بنەمای کۆمەڵگەیەکی فرەڕەنگ و سەقامگیر بن.

لە هەرێمی کوردستاندا مافی پێکهاتەکان پارێزراوە و هیچ کەس و لایەنێک نابێت لە دەرەوەی یاسا دەستدرێژی بکاتە سەر ماف و ئازادییەکانیان. ئەمە بۆ ئێمە تەنها دروشم نییە، بەڵکو بەشێکە لە ئەزموونی ژیانی هاوبەشمان. ئەگەر هەموومان پابەندی یاسا و ڕێزگرتن لە یەکتر بین، ئەوا پێکەوەژیان دەتوانێت لە ئاستی دروشمەوە بگوازرێتەوە بۆ ڕەفتار و فەرهەنگی ڕۆژانە.

بۆ من، ئەوەی ڤاتیکان بە هەنگاوێکی وادا ڕێز لە سەرۆک بارزانی دەگرێت، هەمان کات پەیامێکیشە بۆ کوردستان و ناوچەکە، ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاوی لەسەر ئەزموونی کوردستانە و بە وردی سەیری چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییە جیاوازەکان دەکات.

ئێمە شانازی بەو ڕێزلێنانەوە دەکەین، چونکە پێموایە لە بنەڕەتدا ڕێزلێنانێکە لە فەرهەنگی پێکەوەژیانی کوردستان. سەرۆک بارزانی بۆ زۆرێک لە پێکهاتەکان بووەتە سیمبولێکی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و پاراستنی فرەڕەنگی. لەبەر ئەوەش ئەم خەڵاتە دەبێت وەک هاندانێک ببینین بۆ بەردەوامبوون لە پاراستنی ئەو فەرهەنگە و بەهێزترکردنی یەکسانی، لێبوردەیی و ژیانی هاوبەش لە کوردستان.

 

 

پەرلەمانتاری کریستیان لە پەرلەمانی کوردستان