ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک مەسعود بارزانی کرد، بە بۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی ئاستبەرزی ڕێزلێنانی قەداسەتی پاپای ڤاتیکان. جەختی لەوە کردەوە، سەرۆک بارزانی درێژەپێدەری باوەڕی ڕاستەقینەی پاکی و مرۆڤدۆستییە.
پێنجشەممە، 20ـی ئابی 2026، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک مەسعود بارزانی کرد، بە بۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی ئاستبەرزی ڕێزلێنانی قەداسەتی پاپای ڤاتیکان.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامەکەیدا جەختی لە ڕۆڵی مێژوویی و سەرکردایەتیی سەرۆک بارزانی کردەوە و نووسیویەتی، "سەرۆک بارزانی وەک سیمبۆڵی ئاشتی، پێکەوەژیان و پارێزەری مافە ئایینی و نەتەوەییەکانی هەموو پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستان و عێراقە.
هاوکات دەڵێت، ''سەرۆک بارزانی، درێژەپێدەری رێبازی پیرۆزی بارزان و باوەڕی ڕاستەقینەی پاکی و مرۆڤدۆستییە و شایانی هەموو خەڵات و پێزانینێکە.
مەسروور بارزانی، لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ئاماژەی بە پاراستنی داهاتووی بەهاکانی تەبایی لە هەرێمەکەدا کرد و رایگەیاند، "هەرێمی کوردستان لە سایەی ڕێبەرایەتیی جەنابی سەرۆک بارزانیدا، وەک هەمیشە مەڵبەندێکی گرنگ و گەشی پێکەوەژیانی ئاشتییانە دەبێت لە ناوچەکە و جیهاندا."
ئەمەش لە کاتێکدایە، لویس ساکۆ، کاردیناڵی فەخریی کلدانەکان، سەردانی سەرۆک بارزانی کرد و نیشانی ئاستبەرزی پاپای ڤاتیکانی پێ بەخشی.
کاردیناڵ لویس ساکۆ پێزانینی خۆی بۆ ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە قووڵکردنەوەی بەها بەرزەکانی پێکەوەژیان، مرۆڤدۆستی، بەهێزکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە کوردستان، عێراق و ناوچەکەدا دەربڕی.
هەروەها سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد لە بەرامبەر ڕۆڵە مێژووییەکەیدا لە پاراستنی پێکهاتەی مەسیحی و سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی دیکەی کوردستان و عێراقدا.