Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی ناوخۆ ھێمای لێھاتوویی دەبەخشێتە ٣٥ ئەفسەری ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ

ھەولێر-KDP.info- وەک بەشێک لە ستراتیژیی نوێی وەزارەتی ناوخۆ بۆ چاکسازی لە کەرتی پۆلیس، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ لە مەڕاسیمێکدا نیشانی لێھاتوویی بەخشییە ٣٥ ئەفسەری ئاسایشی ناوخۆ کە خولی تایبەتی سەرکردایەتیکردنی پڕۆسەکەیان بەسەرکەوتوویی تەواو کردووە.

لە چوارچێوەی ھەنگاوەکانی پڕۆسەی چاکسازی لە دامەزراوەی پۆلیسی کوردستان ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی ٢٠ـی ئابی ٢٠٢٦ لە مەڕاسیمێکی شایستەدا لەلایەن ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نیشانەی لێھاتوویی بەخشرایە ٣٥ ئەفسەری بەڕێوەبەرایەتیە جیاوازەکانی ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کە لە ماوەی ڕابردوودا بەشدارییان کردبوو لە پڕۆسەی ڕاھێنان بۆ سەرکردایەتیکردنی پڕۆسەی چاکسازی لە کەرتی پۆلیسی کوردستان.

مەڕاسیمەکە بە ئامادەبوونی د.ھێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوان و خاتوو ڕۆندک فارس، بەڕێوەبەری ئەکادیمیای سەرکردایەتی و بەڕێوەبردن لە دیوانی وەزارەت و بەڕێزان ڕاگرانی کۆلیژی پۆلیسی ھەولێر و سلێمانی بەڕێوەچوو کە تیایدا نیشانەی لێھاتوویی (متمانە) بەخشرایە ئەم ئەفسەرانە وەک ڕاھێنەری ڕاھێندراو لە خولەکانی پەرەپێدانی پۆلیس لە چوارچێوەی دیدگای نوێی وەزارەت بۆ چاکسازی لە پۆلیسی کوردستان و پەیڕەوکردنی کلتوری چەمکی شین بەشداریان کردبوو.

جێی ئاماژە بۆکردنە ئەم نیشانەیە لەلایەن وەزیری ناوخۆ دەبەخشرێتە ئەو ئەفسەر و کارمەندانەی ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کە خول و ڕاھێنانی تایبەت بە بواری چاکسازی لە دامەزراوەی پۆلیسی کوردستان بە سەرکەوتوویی تەواو دەکەن.

پڕۆژەی چاکسازی لە پۆلیسی کوردستان پڕۆژەیەکی نیشتمانی وەزارەتی ناوخۆیە لە سەرتاسەری کوردستان کە ئامانج لێی داڕشتنی ستراتیژی نوێ و ڕێکخستنەوەی پەیکەر و کاری پۆلیسە بە ستانداردێکی سەردەمیانە ھاوتەریب لە دیدگای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ خزمەتکردنی ھاووڵاتییان لە نێوانی ساڵانی ٢٠٢٦-٢٠٣٠ جێبەجێ دەکرێت.