Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆک بارزانی نیشانی ئاستبەرزی ڕێزلێنانی پاپای پێ بەخشرا

ھەولێر-KDP.info- سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە لویس ساکۆ، کاردیناڵی فەخریی کلدانەکان کرد و لە دیدارێکدا نیشانی ئاستبەرزی ڕێزلێنانی پاپای ڤاتیکانی پێبەخشرا، ئەمەش وەک پێزانینێک بۆ ڕۆڵی دیاری سەرۆک بارزانی لە پاراستنی پێکهاتەی مەسیحی و قووڵکردنەوەی بەهاکانی پێکەوەژیان و ئاشتی لە ناوچەکەدا.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی ئابی ٢٠٢٦، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز لویس ساکۆ، کاردیناڵی فەخریی کلدانەکان کرد. 

لە دیدارەکەدا کاردیناڵ لویس ساکۆ پێزانینی بۆ ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە قووڵکردنەوەی بەھا بەرزەکانی پێکەوەژیان و مرۆڤدۆستی و بەھێزکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە کوردستان و عێراق و ناوچەکە ھەبوو، ھەروەھا سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد کە ڕۆڵی لە پاراستنی پێکھاتەی مەسیحی و پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی تری کوردستان و عێراق ھەبووە. 

کاردیناڵ لویس ساکۆ ئەوەیشی ڕاگەیاند کە لەبەر ئەو ڕۆڵە بەرزەی سەرۆک بارزانی بۆ ئاشتی و بەھا مرۆییەکان گێڕاویەتی داوای لە پاپای ڤاتیکان کرد کە نیشانی ئاستبەرزی ڕێزلێنانی پاپا بە سەرۆک بارزانی ببەخشرێت.

لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ پاپای ڤاتیکان و کاردینال لویس ساکۆ جەختی لەوە کردەوە کە بۆ گەلی کوردستان شانازییەکی گەورەیە کە فەرھەنگی دەوڵەمەندی پێکەوەژیان و تەبایی و ئاشتیخوازیی بۆ بە میرات ماوەتەوە. ھەروەھا جەختی لە پاراستنی بەھای برایەتی و تەبایی نێوان پێکھاتەکانی کوردستان کردەوە و ئەوەشی خستەڕوو کە ڕەفتار و کردەوە، جۆری ھەڵسەنگاندنی مرۆڤەکان دیاری دەکەن، نەک بیر و ئینتیمای ئایینی.