Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەروەر ھاواری بۆ KDP.info: ڕێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتە بەر

ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و خۆراکی لە بازار ڕوونکردەوە و ئاشکرای کرد کە سەرەڕای ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە و بەھیچ شێوەیەک کێشەی کەمیی خۆراکیان لە ھەرێمی کوردستان نییە.

سەروەر ھاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و خۆراک لە ھەرێمی کوردستان بۆ بەرزبوونەوەی نرخ لە وڵاتانی بەرھەمھێنەر و زیادبوونی تێچووی ھاوردەکردن دەگەڕێتەوە. ئاماژەی بەوەش دا کە بەھۆی خراپیی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە و مەترسیی کۆمپانیاکانی گواستنەوە، باجی زیاتر وەردەگیرێت و ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر گرانبوونی کاڵاکان دروست کردووە، چونکە زۆربەی کاڵاکان لە دەرەوە ھاوردە دەکرێن.

بریکاری وەزارەتی بازرگانی زیاتر ڕوونی کردەوە کە زۆربوونی خواست و درەنگ گەیشتنی کاڵاکان، لەگەڵ نەدانی دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندی بە بەشێک لە بازرگانان بە بیانووی تۆمارنەکردنیان لە سیستەمی ئەسیکۆدا، فاکتەری دیکەی بەرزبوونەوەی نرخەکانن. بەڵام دڵنیایی دا کە کۆگاکان پڕن لە کاڵا و خۆراکی پێویست و ھیچ گرفتێکی کەمیی خۆراک لە ئارادا نییە.

لە کۆتاییدا سەروەر ھاواری جەختی کردەوە کە لیژنەکانیان بەردەوام چاودێریی بازاڕ دەکەن و ڕێگە بە بازرگانان نادەن ئەم دۆخە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بقۆزنەوە، ھەروەھا ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ھەر کەسێک دەگیرێتە بەر کە سەرپێچی یان قۆرغکاری بکات.

 

بڵند ئیبراھیم