دھۆک-KDP.info- جێگری پارێزگاری دھۆک ڕایدەگەیەنێت، سەرەڕای تەواوی قەیران و بەربەستەکان، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردەمێکی زێڕینی ئاوەدانی لە دھۆک تۆمار کردووە و لە ساڵی ٢٠١٩وە تاوەکو ئێستا ١٥٠٠ پڕۆژە لە سنووری پارێزگاکەدا ڕاگەیەندراون، کە ١٠٠٠ پڕۆژەیان تەواو بوون و کەوتوونەتە خزمەتی ھاووڵاتییانەوە.
لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ماجد سەید ساڵح، جێگری پارێزگاری دھۆک ڕوونی کردەوە کە قەیرانەکان نەبوونەتە ڕێگر لە بەردەوامبوونی کاروانی ئاوەدانی و لە سەرجەم سێکتەرە گرنگەکانی وەک ڕێگاوبان، پەروەردە، تەندروستی، ئاو و ئاوەڕۆدا پڕۆژەی گەورە ئەنجام دراون.
ھەروەھا ئاماژەی بەوە دا کە بێجگە لە کەرتی گشتی، لە کەرتی تایبەتیشدا بە پاڵپشتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کارکردن لەسەر چەندین پڕۆژەی ستراتیژی بەردەوامە، لەوانە پڕۆژەی دووسایدی باعدرێ بۆ ئیتیت، ڕێگای شێخان بۆ لالش، پارکی گشتیی ناو دھۆک و پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی بەردەڕەش.
جێگری پارێزگاری دھۆک باسی لەوەش کرد کە دوێنێ چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری زاویەتە و مانگێشکێ کراونەتەوە، بڕیاریشە لە ڕۆژانی داھاتوودا لەلایەن پارێزگاری دھۆکەوە کۆمەڵێک پڕۆژەی نوێی ڕێگاوبان و خزمەتگوزاری بۆ گوندەکانی سنوورەکە ڕابگەیەنرێت.
سەبارەت بە داخران یان سستبوونی ھەندێک پڕۆژەش، ماجد سەید ساڵح جەختی کردەوە کە ئەو کەوتنانە کاتیین و بەھۆی کەشوھەوا یان کێشەی تەکنیکییەوە بوون، بەڵام پرۆسەی کارکردن تێیاندا بەردەوامە و ئیدارەی پارێزگاکەش لە ھەوڵی بەردەوامدادایە بۆ تەواوکردنی ئەو ٥٠٠ پڕۆژەیەی کە ماونەتەوە.
بڵند ئیبراھیم