ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری کۆتایی لەبارەی دۆسیەی فەرمانبەرانی ڕێکخراوەکان دا و مافی ڕاژەی شارستانی و خانەنشینیی پێبەخشین.
بەپێی گشتاندنێکی فەرمی بە واژووی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە ڕۆژی چوارشەممە، ١٩ـی ئابی ٢٠٢٦، دەرچووە، دۆسیەی فەرمانبەرانی ڕێکخراوەکان بە یەکجاری یەکلایی کرایەوە و بڕیار درا تەواوی مافەکانی ڕاژەی شارستانی و خانەنشینییان پێبدرێت. ئەوەش بەپێی یاسا بەرکارەکان لە ھەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.
بە گوێرەی بڕیارەکە، لەمەودوا لە تەواوی دامەزراوەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا وەک فەرمانبەری ئاسایی و ھەمیشەیی مامەڵە لەگەڵ فەرمانبەرانی ڕێکخراوەکان دەکرێت و تەواوی مافە یاسایی، کارگێڕی و داراییەکانیان بۆ دەگەڕێتەوە.
لە ھەمان کاتدا ھاوشێوەی فەرمانبەرانی دیکەی ڕاژەی شارستانی مافی خانەنشینبوونیان پێدراوە و خزمەتەکانیان بۆ ھەژمار دەکرێت.
مەبەست لە فەرمانبەرانی ڕێکخراوەکان، ئەو کەسانەن لە ڕابردوودا لە نێو ڕێکخراوە حزبی و سیاسییەکاندا کاریان کردووە و دواتر ڕاژەکانیان گواستراوەتەوە بۆ سەر میلاکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
ئەم توێژە لە فەرمانبەران بۆ چەندین ساڵ کێشەی ھەژمارنەکردنی خزمەتەکانیان و نەبوونی تەواوی مافەکانی ڕاژەی شارستانییان ھەبوو، بەتایبەتی لە کاتی خانەنشینبووندا ڕووبەڕووی گرفتی یاسایی و دارایی دەبوونەوە.
