هەولێر-KDP.info- لە ڕێوڕەسمێکدا لە بارەگای لقی ٢٤ی سەفین بەبۆنەی ٨٠یەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی و لەدایکبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی، هیوا گەیلانی، بەرپرسی لق، پیرۆزبایی لە ٦٢١ ئەندامی نوێ کرد و جەختی لەسەر بەردەوامیی خزمەتکردنی جەماوەری ناوچەکە کردەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٩ی ئابی ٢٠٢٦، لە چوارچێوەی ھەفتەی چالاکییەکانی لقی ٢٤ی سەفین بەبۆنەی ٨٠یەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و لەدایکبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی، لە ڕێوڕەسمێکی ئاھەنگ ئامێزدا لە ھۆڵی بارەگای لق بە ئامادەبوونی بەرپرسانی ڕێکخستنی ھەولێر و نوێنەرانی مەکتەبی سیاسی و کارگێڕانی لق، شەرەفی ئەندامێتی پارتی بە ٦٢١ ھەڤاڵ بەخشرا کە لە ماوەی ڕابردوودا پەیوەندییان بە ڕیزەکانی حزبەکەوە کردبوو.

پەیوەست بەمەش، ھیوا گەیلانی، بەرپرسی لقی ٢٤ی سەفین، لە لێدوانێکیدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، کە ئەندامبوون لە ڕیزەکانی پارتیدا شانازییەکی گەورەیە و بەرپرسیارییەتییەکی گرنگ دەخاتە سەر شانی ھەموو ھەڤاڵان.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە خەڵکی ئەم سنوورە لە شۆڕشی ئەیلوول، شۆڕشی گوڵان، ڕاپەڕین و تا دەگاتە ئەمڕۆش ھەمیشە سەنگەری پتەوی پارتی و ڕێبازی بارزانی بوون، لە ھەڵبژاردنی ڕابردووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیشدا بە دڵسۆزییەوە پشتیوانییان لە جەنابی سەرۆک بارزانی و پارتی کردووە، بۆیە جەختی کردەوە کە بەردەوام دەبن لە خزمەتکردنی ھاووڵاتییانی سنوورەکە.
