Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. سالار عوسمان لە لقی ٢٦ی گوڵان سمینارێکی لەسەر «کادیر و ئەرکی میدیایی» پێشکەش کرد

هەولێر-KDP.info- بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و تواناکانی کادیران لە سەردەمی میدیای نوێدا، د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی، سەردانی لقی ٢٦ی گوڵانی کرد و سمینارێکی تایبەتی بە ناونیشانی «کادیر و ئەرکی میدیایی» بۆ کادیران، میدیاکاران و بەرپرسانی ناوچەکە پێشکەش کرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٩ی ئابی ٢٠٢٦، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ١٦ی ئابدا، د. سالار عوسمان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەردانی بارەگای لقی ٢٦ی گوڵانی کرد و لەلایەن شوان محەمەد طە، بەرپرسی لق و کارگێڕانیی لقەوە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا. ئەم سەردانە بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی کادیران بوو، کە تێیدا سمینارێکی تایبەت لەژێر ناونیشانی «کادیر و ئەرکی میدیایی» بۆ ژمارەیەک لە کادیران، بەرپرسانی حکوومی، کەسایەتییە ڕۆشنبیری و میدیاییەکان، ئافرەتان، لاوان و قوتابیان بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای سمینارەکەدا بەرپرسی لقی ٢٦ی گوڵان بەخێرهاتنی میوانانی کرد و جەختی لە گرنگیی ڕۆڵی کادیران و گەنجان لە سەردەمی میدیای نوێدا کردەوە، هاوکات داوای بەردەوامیی ئەم جۆرە چالاکییانەی کرد بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانیان.

دواتر د. سالار عوسمان بابەتەکەی پێشکەش کرد و ڕوونی کردەوە کە کادیر لە بواری میدیادا تەنها گەیەنەری هەواڵ نییە، بەڵکو دەبێت بە شێوەیەکی پیشەیی، بەرپرسانە و پشتپەست بە ڕاستی و وردبینی پەیامی حزبەکە بگەیەنێت. هەروەها جەختی لە گرنگیی بەکارهێنانی دروستی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دروستکردنی گوتارێکی بەهێز و ڕۆڵی گەنجان لە بەرەوپێشبردنی کاری میدیاییدا کردەوە.

لە سمینارەکەدا، بەشداربووان بە پرسیار و تێبینی لەسەر ئەرکی کادیر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەڕێوەبردنی ناوەڕۆک بەشدارییان کرد و ڕوونکردنەوەی پێویستیان پێدرا. سمینارەکە بە گفتوگۆیەکی کراوە کۆتایی پێهات و بەشداربووان جەختیان لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی ئەم جۆرە چالاکییە فکری و پێگەیاندنییانە کردەوە.