هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری ئەکادیمیای سەرکردایەتی و بەڕێوەبردن لە وەزارەتی ناوخۆ ڕایدەگەیەنێت، پڕۆژەی ڕیفۆرمی پۆلیسی هەرێمی کوردستان تا ئێستا قۆناغی باشی بڕیوە و بەردەوامیش دەبێت. بەگوێرەی وتەکانی بەڕێوەبەری ئەکادیمیاکە، ئامانجی سەرەکی لەم پڕۆژەیە گۆڕینی کلتووری مامەڵەکردنی پۆلیس لەگەڵ هاووڵاتییان و بەنموونەییکردنی بنکەکانی پۆلیسە.
ڕۆندک فارس، بەڕێوەبەری ئەکادیمیای سەرکردایەتی و بەڕێوەبردن لە وەزارەتی ناوخۆ، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەبارەی ئامانج و قۆناغەکانی پڕۆژەی ڕیفۆرمی پۆلیس ڕایگەیاند، پڕۆژەی ڕیفۆرمی پۆلیسی کوردستان پڕۆژەیەکی درێژخایەنە و لە ساڵی ٢٠٢٦ تا ساڵی ٢٠٣٠ بەردەوام دەبێت. ئەم پڕۆژەیە لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە لەلایەن وەزیری ناوخۆوە پەسەندکراوە و ئەکادیمیای سەرکردایەتی و بەڕێوەبردن هەم ئەرکی هەماهەنگی و هەم جێبەجێکردنی پڕۆژەکەی لە پۆلیسی کوردستان لەسەر شانە.
فارس ئاماژەی بە قۆناغە بڕدراوەکانی پڕۆژەکە کرد و گوتی، تا ئێستا چەند قۆناغێک بڕدراون، لەوانە پێگەیاندنی ٣٥ ڕاهێنەری چەمکی شین، کە ڕاهێنەرەکان ئەرکی گەیاندنی ئەم پڕۆژەیەیان بە شێوازێکی شارستانی و سەردەمیانە بۆ تەواوی کارمەندان و بنکەکانی پۆلیس لەسەر شانە.
بەڕێوەبەری ئەکادیمیای سەرکردایەتی و بەڕێوەبردن هەروەها ئاماژەی بە قۆناغی دووەمی پڕۆژەکە کرد و گوتی، لە قۆناغی دووەمدا چەند بنکەیەکی پۆلیس لەسەر ئاستی هەرچوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان دیاری کراون تا ببنە بنکەی نموونەیی. لە ئێستاشدا پەیکەربەندی و شێوازی کارکردنی ئەو بنکە دەستنیشانکراوانە ئامادە کراوە، کە بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێم وەک سەرۆکی لیژنەی باڵای ڕیفۆرمی پۆلیس بەڕێوە دەچێت. ڕوونیشی کردەوە کە پڕۆژەکە بڕیارێکی خۆماڵییە، بەڵام هاوكات ڕاوێژ بە ئەزموونی ڕاوێژکارانی یەکێتیی ئەورووپا دەکرێت.
لە هەمان چوارچێوەدا، ڕۆندک فارس خستیە ڕوو کە لە ماوەی نۆ مانگی ڕابردوودا ١٠ هەزار کارمەندی پۆلیس ڕاهێنانیان بینیوە. ئامانجی سەرەکیش لەم هەنگاوانە دروستکردنی متمانەی بەهێزە لە نێوان خەڵک و پۆلیسدا، هاوکات گۆڕینی کلتووری مامەڵەی پۆلیس لەگەڵ هاووڵاتییان و پێداچوونەوە و ڕێکخستنەوەی پەیکەربەندی کارگێڕیی دەزگاکەیە.
لە کۆتاییدا، بەڕێوەبەری ئەکادیمیای سەرکردایەتی و بەڕێوەبردن جەختی کردەوە کە پڕۆژەکە بە سەرکەوتوویی قۆناغی باشی بڕیوە و بەردەوامیش دەبن، چونکە ئامانجی باڵای وەزارەتی ناوخۆ ئەوەیە بە تەواوەتی شێوازی کارکردنی پۆلیس بگۆڕدرێت و خزمەتێکی شایستەتر پێشکەش بە هاووڵاتییان بکرێت.
قائید میرۆ