Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مالیکی سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر نووسینگەی مەسروور بارزانی دەکات

بەغدا-KDP. info-  سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکەی دوێنێی سەر نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و رایگەیاند، هەر جۆرە دەستدرێژییەک کە زیان بە ئاسایشی هەرێم و سەقامگیریی عێراق بگەیەنێت، بە تەواوی رەتکراوە و قبووڵنەکراوە.

سێشەممە، 18ـی ئابی 2026، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، هەڵوێستی خۆی لەسەر هێرشەکەی دوێنێی سەر نووسینگەی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند و بە توندی سەرکۆنەی ئەو کارەی کرد.

مالیکی ئاماژەی بەوە کرد، "ئەو هێرش و دەستدرێژییەی دوێنێ کرایە سەر نووسینگەی رێزدار مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کارێکی بە تەواوی رەتکراوەیە".

روونیشی کردەوە، هەر هێرشێک زیان بە ئاسایشی هەرێمی کوردستان، دامەزراوە فەرمییەکان و سەقامگیریی عێراق بگەیەنێت، بە هیچ شێوەیەک قابیلی قبووڵکردن نییە.

سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا جەختی لەوە کردەوە، کار و کردەوەی تێکدەرانەی لەم شێوەیە لە لایەن هەر لایەن یان گرووپێکەوە ئەنجام درابن، رەتکراوەن. 

هاوکات داوای کرد کە لە رێگەی لێکۆڵینەوەی فەرمیی و بێلایەنانەوە، بە زووترین کات راستی و هۆکارەکانی رووداوەکە بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێن.

مالیکی داوای ئەوەشی کرد کە، ئەنجامدەرانی هێرشەکە بە پێی یاسا بەرکارەکان سزا بدرێن، بە شێوەیەک ببێتە هۆی پاراستنی ئاسایش، سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق.