سلێمانی-KDP.info- لە چوارچێوەی پشتیوانیکردنی چالاکییە هونەری و ڕۆشنبیرییەکاندا، بە هاوکاریی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی-هەڵەبجە-ڕاپەڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڵگەفیلمی (عەرعەر و سەگەکانی عەجاج) لە هۆڵی «سیتی سینەما» لە شاری سلێمانی نمایشکرا.
ڕێوڕەسمی نمایشکردنی فیلمەکە بە ئامادەبوونی عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی-هەڵەبجە-ڕاپەڕین، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، ساناو فەرەیدوون جوانڕۆیی، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبمەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی، شێخ ستار عەواڵانی، بەرپرسی لقی ٢١، بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی، ستافی دەرهێنان و ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییان و کەسایەتیی ناوچەکە بەڕێوەچوو.
لە دەستپێکی ڕێوڕەسمەکەدا، پارێزگاری سلێمانی وتەیەکی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر گرنگیی تۆمارکردنی ئەم جۆرە کارە دیكۆمێنتارییانە و ڕایگەیاند کە دوژمنانی گەلی کورد هیچ کات جیاوازییان لەنێوان ڕەنگ و ئایدۆلۆژیادا نەکردووە، بەڵکو تەنیا کوردبوون بەس بووە بۆ ئەوەی ئەنفال و کیمیابارانمان بکەن. ئاماژەی بەوەش کرد کە گێڕانەوەی ئەم چیرۆکە تاڵانە دەبێت ببێتە مایەی هەوێنی یەکڕیزی و تەبایی نێوان لایەنەکان.

دواتر عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان وتەیەکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند، "پاڵەوانی ئەم بەڵگەفیلمە شێرەژنێکە کە خۆی شایەتحاڵی کارەسات و جینۆسایدی ئەنفالە. ژنانی کورد هیچیان لە پیاوان کەمتر نەبووە لە خەبات و قوربانیداندا.
هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ئەم بەڵگەفیلم و بەرهەمانەی باس لە تاوانکاری و کارەساتەکانی بەسەر گەلەکەماندا هاتوو دەکەن، لە بواری پەروەردە و خوێندندا بایەخیان پێبدرێت تا نەوەی داهاتوو بزانن گەلی کورد بە چیدا تێپەڕیوە. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە کورد هیچ کات زاڵم نەبووە و هەمیشە زوڵمی لێکراوە، تا ئێستاش هەرێمی کوردستان بە درۆن و مووشەک دەکرێتە ئامانج، بۆیە پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی زلهێز گوێ لە دەنگی گەلی کوردستان بگرن و بەدەنگییەوە بێن.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، دوای نمایشکردنی فیلمەکە لە دەرهێنانی محەمەدی حاجی قادر و بەرهەمی تۆڕی میدیایی کوردستان، قەڵغانی ڕێزلێنان لەلایەن عەلی حوسێن و پارێزگاری سلێمانییەوە پێشکەش بە خاتوو فەزیلە (شایەتحاڵی ڕووداوەکان) و ئەیاد کاکەیی (پارێزەری کەیسی ئەنفال) کرا.

