Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئوردن ئیدانەی هێرشکردنە سەر نووسینگەی مەسروور بارزانی دەکات

ھەولێر-KDP.info- شانشینی ئوردن سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکات کە کرانە سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بارەگای بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنی هەرێم، رایدەگەیەنێت کە ئەمە دەستدرێژییەکی ڕەتکراوەیە بۆ سەر سەروەریی عێراق.

وەزارەتی دەرەوە و کاروباری کۆچبەرانی شانشینی ئوردن، ئەمڕۆ سێشەممە 18ـی ئابی 2026، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئیدانەی ئەو هێرشانەی کرد کە نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنی کردە ئامانج.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئوردن ئەم هێرشانە بە دەستدرێژییەکی ڕەتکراوە و پێشێلکردنی سەروەری، ئاسایش و سەقامگیریی کۆماری عێراقی برا دەزانێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئوردن جەختی لە هاوسۆزی و پشتگیریی تەواوی وڵاتەکەی بۆ کۆماری عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، عەممان پاڵپشتی هەموو ئەو هەوڵ و هەنگاوانە دەکات کە بۆ پاراستنی ئاسایش، سەقامگیری و سەلامەتیی خاک و سەروەریی عێراق دەگیرێنە بەر.