Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر نووسینگەی مەسروور بارزانی دەکات

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە توندی سەرکۆنەی ئەو ھێرشەی کرد کە کرایە سەر نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و شوێنی نیشتەجێبوونی بەڕێوەبەری ئاژانسی ھەواڵگریی ھەرێم.

لە بەیاننامەکەدا کە ئەمڕۆ دووشەممە ١٧ی ئابی ٢٠٢٦، بڵاوکراوەتەوە، جەخت کرایەوە کە ئاسایشی ھەرێمی کوردستان بەشێکی دانەبڕاوە لە ئاسایشی گشتیی عێراق، بۆیە ئامانجگرتنی ھەر بەرپرس یان دامەزراوەیەک لە ھەر پارچەیەکی خاکەکەدا بێت، لە ژێر ھیچ پاساوێکدا قبووڵ ناکرێت. سەرۆکایەتیی پەرلەمان داوای لە حکوومەتی فیدراڵ و دەزگا ئەمنییە پسپۆڕەکان کرد کە لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەبارەی بارودۆخی ھێرشەکە ئەنجام بدەن و ھەموو ڕێکارێکی پێویست بگرنە بەر بۆ پاراستنی سەروەریی نیشتمانی و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە دەستدرێژییانە.

ھەروەھا سەرۆکایەتیی ئەنجوومەن دووپاتی کردەوە کە پێویستە عێراق لە ململانێ و گرژییە ھەرێمییەکان دوور بخرێتەوە و ڕێز لە یەکپارچەیی خاکەکەی بگرێت. لە کۆتایی پەیامەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە تەنھا دیالۆگ و کەناڵە دیپلۆماسییەکان ڕێگەی دروستن بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، تاوەکو عێراق و ناوچەکە لە ھەڵکشانی سەربازیی زیاتر بپارێزرێن.