ھەولێر-KDP.info- شاندی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق و باڵیۆزخانەکانی وڵاتانی ئەندام، ھێرشەکانی سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان و شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆکی ئاژانسی پاراستن لە پیرمام، بە توندی سەرکۆنە کرد.
لە نامەیەکی فەرمی کە کلێمێنس سێمتنەر، باڵیۆز و سەرۆکی شاندی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق، بۆ مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی ناردووە، ھەڵوێستی یەکێتیی ئەورووپا لەسەر ھێرشەکان ڕوونکرایەوە و جەخت لەوە کرایەوە کە بە ئامانجگرتنی دامەزراوە فەرمییەکان، بەرپرسانی حکوومی و نێردە دیپلۆماسییەکان بە ھیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە.
یەکێتیی ئەوروپا ئاماژەی بە مەبەستی پشت ئەم ھێرشانە کرد و ڕایگەیاندووە کە ئامانجی ئەم ھێرشانە بریتییە لە لاوازکردن و لەباربردنی ھەوڵەکانی حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ دوورخستنەوەی وڵات لە ململانێ و شەڕە ھەرێمییەکان و دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە لە ڕێگەی دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییەکانەوە. بە ئامانجگرتنی دامەزراوەکانی دەوڵەت، بەرپرسانی حکوومی، یان نێردە دیپلۆماسییەکان بە ھەموو شێوەیەک قبووڵنەکراوە.
لە کۆتایی نامەکەدا، یەکێتیی ئەورووپا و وڵاتانی ئەندام دووپاتیان کردووەتەوە کە بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردنی عێراق و ھەرێمی کوردستان بۆ سەقامگیری و گەشەکردن، و جەختیان لە گرنگی خستنەژێر کۆنتڕۆڵی تەواوی چەکەکان لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت کردووەتەوە.