Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

میر حازم تەحسین بەگ سەرکۆنەی بەئامانجگرتنی نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات

ھەولێر-KDP.info- میر حازم تەحسین سەعید، میری ئێزدییەکان لە عێراق و جیھان و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای رووحانیی ئێزدییەکان، ھێرشکردنەسەر نووسینگەی مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان و بارەگای ئاژانسی پاراستن و ئاسایشی ھەرێمی کوردستانی بە توندی سەرکۆنە کرد.

ئەمڕۆ دووشەممە ١٧ـی ئابی ٢٠٢٦، میر حازم تەحسین سەعید، میری ئێزدییەکان لە عێراق و جیھان و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ڕووحانیی ئێزدییەکان، لە بارەی ھێرشەکردنە سەر نووسینگەی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، دەبێت زمانی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن ببێتە تاکە ڕێگەی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان ھەموو لایەنەکان، بەدوور لە ھەر گرژی یان کردەیەک کە ئاسایش و سەقامگیری تێکبدات.

ھاوکات میر حازم تەحسین ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم کردەوانە ھەڕەشەی و مەترسین بۆ سەر سەقامگیری و ئاسایشی ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە بە گشتی، بۆیە بە توندی ئیدانەی ئەو ھێرشە و کردەوەی لەو جۆرە بۆ سەر خاکی ھەرێمی کوردستان دەکەن.

میر حازم تەحسین سەعید لە کۆتایی پەیامەکەیدا دووپاتیکردەوە، ھەرێمی کوردستان ھەمیشە وەک لانکەی لێبوردەیی و مەکۆی فرەیی ئایینی و کولتووری و ماڵێک بۆ ھەمووان دەمێنێتەوە، ھاوکات داوای بەھێزکردنی بەھاکانی ئاشتی و پێکەوەژیانی کرد و ھیوای ئاشتی و ئارامی بۆ تەواوی جیھان خواست.