Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عەلی زەیدی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەبارەی هێرشەکەی سەر نووسینگەی مەسروور بارزانی پێکدەهێنێت

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، فەرمانی دا بە پێکھێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ ئاشکراکردنی سەرچاوە و شوێنی ئاراستەکردنی ئەو ھێرشەی کە کرایە سەر نووسینگەی تایبەتی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە شاری ھەولێر، و جەختی کردەوە دەبێت بە زووترین کات ئەنجامەکان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکرێن.

ئەمڕۆ دووشەممە ١٧ـی ئابی ٢٠٢٦، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان، ڕاسپاردەی دەرکردووە بۆ پێکھێنانی دەستبەجێی لیژنەیەکی تایبەتمەندی لێکۆڵینەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئەرکی ئەم لیژنەیە بریتی دەبێت لە بەدواداچوون و ئاشکراکردنی سەرچاوە، ھۆکار و ئەو شوێنەی کە ھێرشەکەی لێوە ئەنجامدراوە دژ بە نووسینگەی تایبەتی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، و شوێنی نیشتەجێبوونی بەڕێوەبەری دەزگای ھەواڵگری لە ھەرێمی کوردستان لە شاری ھەولێر.

ھەروەھا سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی داوە کە بە زووترین کات تەواوی لێکەوتەکان، وردەکارییەکان و ئەو لایەنانەی لە پشت ئەم ھێرشەوەن دەستنیشان بکرێن و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بۆ ڕای گشتیی عێراق و ھەرێمی کوردستان ڕابگەیەنرێت.