Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە سنووری لقەکانی ١٠، ١٩، ٢٢ و ٢٦ یادی ٨٠ ساڵەی دامەزراندنی پارتی بە بەرز و شکۆداری ڕاگرترا

ھەولێر-KDP.info- بۆ بەرزڕاگرتنی ٨٠یەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوکات ساڵیادی لەدایکبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی، ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی ئابی ٢٠٢٦، لە چوار ناوچەی جیاوازی سۆران، چەمچەماڵ، گەرمیان و باڵەکایەتی ڕێوڕەسم و چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دران.

سۆران: سازدانی پانێڵێک بە ناونیشانی (٨٠ ساڵ خەبات و بنیادنان)

لە شاری سۆران، بە ئامادەبوونی بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی ١٠ و بە ئامادەبوونی نوێنەرایەتی نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بەرپرسانی حزبی و حکوومی، ڕێوڕەسمێک لە هۆڵی هەژار موکریانی بەڕێوەچوو. لە ڕێوڕەسمەکەدا پانێڵێک بە ناونیشانی (٨٠ ساڵ خەبات و بنیادنان) لەلایەن مامۆستایانی زانکۆی سۆران پێشکەش کررا و لە کۆتاییشدا کێکی ٨٠ ساڵەی یادەکە بڕدرا و مۆم داگیرسێنرا.

چەمچەماڵ: پێشوازیکردن لە جەماوەر و چین و توێژە جیاوازەکان

لە چەمچەماڵ، مام هێرش جەباری، بەرپرسی لقی ١٩ی پارتی لەگەڵ دەستەی کارگێڕی و بەرپرسانی ناوچە، کادیرانی قوتابیان، لاوان، ئافرەتان و پێشمەرگەکانی دەزگای گوڵان و ئەیلوول لە بارەگای لق پێشوازییان لە میوانان و هاووڵاتییان کرد کە بەمەبەستی پێشکەشکردنی پیرۆزبایی سەردانی بارەگای لقەکەیان کردبوو.

گەرمیان: بەگەرمی پێشوازی لە شاندی لایەنە سیاسییەکان کرا

لەلایەکی ترەوە لە سنووری گەرمیان، حسین کەلاری، بەرپرسی لقی ٢٢ لەگەڵ کارگێڕانی لق بە هەمان بۆنەی پیرۆزەوە لە بارەگای لق پێشوازییان لە شاندی حزب و لایەنە سیاسییەکان و هاووڵاتییانی دەڤەرەکە کرد کە بۆ گەیاندنی پیرۆزباییەکانیان ڕوویان لە بارەگای لق کردبوو.

باڵەکایەتی: بڕینی کێکی ٨٠ ساڵەی خەباتی پارتی بە بەشداریی پێشمەرگە دێرینەکان

لە چۆمانیش، توێژە جیاوازەکانی دەڤەری باڵەکایەتی سەردانی بارەگای لقی ٢٦ی گوڵانیان کرد و لەلایەن شوان محەمەد طە، بەرپرسی لق و کادیرانی ناوچەکەوە پێشوازییان لێکرا. لە کەشێکی پر لە شانازیدا بە بەشداری پێشمەرگە دێرینەکان کێکی ٨٠ ساڵەی خەباتی پارتی بڕدرا و بەرپرسی لقیش جەختی لەسەر پێگە و مێژووی پڕ لە سەروەریی دەڤەری باڵەکایەتی لە شۆڕشی ئەیلوول و خەباتی نەتەوەییدا کردەوە.