Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ: هێرشە درۆنییەکان پێشێلکاری سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمە

ھەولێر-KDP.info- دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، بە توندی ئیدانە و سەركۆنەی پەلاماری درۆنی دەکات کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە سنوورەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ئاراستەی قەزای پیرمام لە پارێزگای هەولێر کرا و نووسینگەی تایبەتی سەرۆکی وەزیرانی هەرێم و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنی کردە ئامانج.

لە ڕاگەیەندراوەکەی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دا هاتووە، لە کاتژمێر 12:28ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 17ـی ئابی 2026، هێرشێکی درۆنی تێکدەرانە لە دیوی سنوورەکانی ئێرانەوە ئاراستەی سەر نووسینگەی تایبەتی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمام کراوە.

جەختی کردووەتەوە، بە ئامانجگرتنی ناوبەناوی ناوچە ئاوەدانەکان و دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان بەم شێوازە، پێشێلکارییەکی زەق و مەترسیداری سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستانە، هاوکات بڕیاردان و ئەنجامدانی ئەم جۆرە کردەوانە پێشێلکردنی سەرجەم پێوەر و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و بنەماکانی مافی مرۆڤ و ژیانی هاووڵاتیانە کە مەترسیی جددی لەسەر ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە دروست دەکات.

لە ڕاگەیەندراوەکەی دەستەی مافی مرۆڤدا ئاماژە بەوەش کراوە، سەرەڕای ئەوەی خۆشبەختانە هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتووەتەوە، بەڵام پاراستنی ئاسایش و ژیانی هاووڵاتیان مافێکی بنەڕەتییە و ناکرێت بە هیچ پاساوێک خاکی هەرێمی کوردستان بکرێتە گۆڕەپانی پەلامار و ململانێ و پەیامی سەربازی.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ داوای لە حکوومەتی فیدراڵی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە هەڵوێستی ڕوون و جددییان هەبێت بۆ ڕاگرتنی ئەم جۆرە دەستدرێژی و پێشێلکارییە بەردەوامانە و هەوڵی جددی بدرێت بۆ پاراستنی سەروەریی خاک و دەستەبەرکردنی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکەدا.