Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لقەکانی ٢، ١٢، ١٤ و ٢٤ی پارتی، ٨٠یەمین ساڵیادی دامەزراندن و لەدایکبوونی سەرۆک بارزانی بەرز ڕادەگرن

هەولێر-KDP.info- بۆ بەرزڕاگرتنی ٨٠یەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوکات ساڵیادی لەدایکبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی، ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی ئابی ٢٠٢٦، بە بەشداریی جۆش و خڕۆشی جەماوەری و کادیران، ل زنجیرەیەک چالاکی و ڕێوڕەسمی جۆراوجۆر لە سنووری لقەکانی (٢، ١٢، ١٤ و ٢٤) ڕێکخران.

هەولێر: بەخشینی شەرەفی ئەندامێتی بە ٢,١٦٠ هەڤاڵ

لە شاری هەولێر، لقی دووی پارتی کەرنەڤاڵێکی شکۆداری بەڕێوەبرد. لە کۆبوونەوەکەدا د. زانا مەلا خالید، بەرپرسی لق، پیرۆزبایی ئەم یادە مێژوویییەی لە ئامادەبووان کرد و ڕوونیکردەوە کە ئەرکی سەرەکیی ئەندامانی حزب خزمەتکردنی دڵسۆزانەی خەڵک و کوردستانە. لە بەشێکی تری بەرنامەکەدا، شەرەفی ئەندامێتی لە پارتی دیموکراتی کوردستان بە ٢,١٦٠ هەڤاڵ بەخشرا و بەڵێنی پەیڕەو لەلایەن هەژار عوسمان، کارگێڕی لقەوە خوێندرایەوە.

هەڵەبجە: دابەشکردنی بڕوانامە و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە

لە پارێزگای هەڵەبجەش، لە هۆڵی لقی ١٢ی پارتی مەڕاسیمێک بە ئامادەبوونی عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستن بەڕێوەچوو. وەک نەسرین عەبدولقادر، کارگێڕی لق ئاماژەی پێدا،  لەم مەڕاسیمەدا بڕوانامەی دەرچوون بەسەر کادیرانی "خولی پێگەیاندنی ١٦ی ئاب"دا دابەشکرا. ئامانجی خولەکە ئاگادارکردنەوەی کادیران بوو لە گۆڕانکارییە سیاسییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی ماددەی هۆشبەر لە کۆمەڵگەدا.

مووسڵ: پێشوازیکردن لە شاند و پێکهاتە جیاوازەکان

لە شاری مووسڵ، خەسرۆ گۆران، بەرپرسی لقی ١٤ی پارتی بە یاوەریی دەستەی کارگێڕی و کادیرانی لق، لە بارەگای لق پێشوازییان لە هاووڵاتییان، کەسایەتی، شێخ و بەرپرسانی لایەنە سیاسییەکان کرد کە بەمەبەستی پیرۆزبایی سەردانیان کردبوون. هاوکات چەندین بروسکەی پیرۆزبایی لەلایەن دامودەزگاکانی پارێزگای نەینەواوە ئاڕاستەی لقەکە کرا و بەرپرسی لقیش سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی تەواوی ئامادەبووان و پیرۆزبایکەران کرد.

سەفین: کەرنەڤاڵی جەماوەری بە سەرپەرشتیی هیوا گەیلانی

هاوکات لە سنووری لقی ٢٤ی سەفین، بە سەرپەرشتیی هیوا گەیلانی، بەرپرسی لق، بەهەمان بۆنەی پیرۆزەوە کەرنەڤاڵێکی جەماوەریی بەرفراوان سازکرا. چالاکییەکە بە بەشداری و جۆش و خڕۆشی بێوێنەی هەڤاڵان، جەماوەر و چین و توێژە جیاوازەکانی ناوچەکە بەڕێوەچوو، کە تێیدا جەختیان لە وەفاداری بۆ ڕێبازی سەرۆک بارزانی و بەردەوامیی خەباتی پارتی دیموکراتی کوردستان کردەوە.